پێشنیازی نوێی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی گەیشتە ئێران

2025-06-01  375 جار خوێنراوەتەوە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژی شەممە، پێشنیازی ئەمریکایان بۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی پێ گەیشتووە. 
 
عێراقچی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: " برای خۆشەویستم بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان سەردانێکی کورتی تارانی کرد بۆ ئەوەی نێوەڕۆکی پێشنیازێکی ئەمریکا بخاتەڕوو، کە بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی دەدرێتەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ بنەما، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی ئێران بگونجێت."
 
ئێران و ئەمریکا تاوەکو ئێستا پێنج گەڕی دانووستاندنیان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کردووە. 
 
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان لە پێشکەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکە هەیە و پێیانوایە تاران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە، وێڕای ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام رەتیانکردووەتەوە ئەوە ئامانجیان بێت، بەڵکو دەڵێن، تەنیا بۆ دروستکردنی کارەبا و تاقیکردنەوەی پزیشكییە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە، ئەگەر ئێران بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا بۆمبارانی دەکات. 
 
بڕیارە جارێکی دیکە هەردوولا بە نێوەندگیریی عومان لە شەشەم گەڕدا کۆببنەوە کە هێشتا کات و شوێنەکەی دیارینەکراون. 
 
بە گوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە،ئەو یۆرانیۆمەی رێژەی بەپیتییەکەی 60٪یە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە دەکرێت ئەو رێژەیە بە ئاسانی بگەیێنرێتە 90٪ بۆ ئەوەی بۆ بۆمبی ئەتۆمی دەست بدات. 
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێران 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی هەیە کە رێژەی بەپیتییەکەی 60٪یە، واتە لە شوباتەوە 133.8 کیلۆگرامی زیاد کردووە. 
 
کۆی گشتی بڕی ئەو یۆرانیۆمەی ئێران بە بڕی جیاجیا پیتاندوویەتی، 45 هێندەی ئەو سنوورەیە کە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـدا بۆی دانرابوو و مەزەندە دەکرێت گەیشتبێتە 9 هەزار و 247 کیلۆگرام و 600 گرام. 
 
راپۆرتە وەرزییەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێت: "زیادبوون و کەڵەکەبوونی بەرچاوی یۆرانیۆمی بەرز پیتێنراوی ئێران، کە تاکە وڵاتی بێ چەکی ئەتۆمییە ئەم جۆرە کەرەستەیە بەرهەمبێنێت، جێگەی نیگەرانیی گەورەیە."
 
ئاژانسەکە لە راپۆرتێکی دیکەی جیادا رەخنە لە تاران دەگرێت بەوەی وەک پێویست هەماهەنگی لەگەڵدا ناکات و ناهێڵێت بەپێی پێویست چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی بکات. 
 
دوای راپۆرتەکە، ئیسرائیل رایگەیاند، تاران "بە تەواوی سوورە لەسەر" بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. 
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەم ئاستەی پیتاندنە تەنیا لەو وڵاتانەدا هەیە کە چالاکانە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدەن و هیچ پاساوێکی ئاشتییانەی نییە". 
 
عێراقچی جەختی کردەوە کە تاران چەکی ئەتۆمی بە "حەرام" دەزانێت و لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: "ئێمەش ئەم جۆرە چەکە بە قبووڵنەکراو دەبینین. لەم پرسەدا ئێمە لەگەڵیان هاوڕاین."
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە