شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

36   خولەک پێش ئێستا  26 جار خوێنراوەتەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، شەپۆلێکی نوێی بارانبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، کە بارانبارینی بەخوڕ و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیشدا بەفربارینی لەگەڵدا دەبێت.

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت؛ لە کۆتایی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی چڕی باران و بەفر هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و ماوەی نزیکەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت، بەهۆی خێرایی و بەخوڕیی شەپۆلەکەشەوە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە، شەپۆلەکە لە 28ی تشرینی یەکەمەوە لە عێراقەوە دەستپێدەکات و بە دوو قۆناغ تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت. سەرەتا ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی دهۆک و هەولێر دەگرێتەوە و دواتر بەرەو سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجە بڵاودەبێتەوە، هاوکات لە گەرمیانیش بڕێکی باش باران دەبارێت و جارجارە هەورەبروسکە و زیادبوونی خێرایی بای لەگەڵدا دەبێت.

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە قۆناغی دووەمی شەپۆلەکەدا کە دەکەوێتە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و ڕێژەی باران و بەفربارین زۆر زیاد دەکات. پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بارانبارین لە نێوان 15 بۆ 50 میلیمەتر بێت و لە هەندێک ناوچەی شاخاویش بگاتە 70 میلیمەتر، بەهۆی چڕبوونەوەی لەناکاوی هەورەکانیشەوە هۆشداری دەدرێت لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کەشوهەوا و بوومەلەرزەزانی هۆشداری دەدەن لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شوێنە نزمەکان و کەمبوونەوەی مەودای بینین لە ڕێگەوبانە دەرەکییەکان و ناوچە شاخاوییەکاندا بەهۆی بەفربارین و تەمومژەوە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی داوا لە هاووڵاتییان و شووفێران دەکەن لە کاتی شەپۆلەکەدا وریایی تەواو بگرنەبەر و پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن، بەتایبەت لە کاتی هاتووچۆکردن لە ڕێگە شاخاوییەکاندا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە