چوارشەممە مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت

2025-05-27  198 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئایار مووچەی مانگی نیسانی 2025ـی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت."
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت: "پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارە 279 بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی لە 2024 دامەزراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناو لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە مانگانە دەچێتە بەغدا قبووڵ نەکراون و چەند مانگێکە شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە، ژمارەیەک بڕیار لەسەر میکانیزم و شێوازی پێدانی شایستەکانیان درا."
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە رۆژی چوارشەممە، (28ـی ئایاری 2025) مووچەی مانگی نیسانی ساڵی 2025ـی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەر بە گوێرەی بڕیارەکە، هاوکات مووچەی مانگەکانی (3،4 ،5 ،6 ،7) ساڵی 2024 سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەکرێت کە لەو مانگانە دامەزراون و شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.
 
"لە مانگەکانی داهاتوودا ئەو فەرمانبەرانە لەگەڵ خەرج کردنی مووچەی مانگانەیان قۆناخ بە قۆناخ ئەو مووچانەشیان بۆ خەرج دەکرێتەوە کە لە ساڵی رابردووەوە تائێستا پێیان نەدراوە." وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
 
لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی داهاتوویان و وادەی دابەشکردنیان، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردووە کە لە مانگی داهاتوو [حوزەیران] "سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت کە تێکڕای تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە."
 
رۆژی 13-05-2025 بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچەی مانگی نیسان بڵاوکرایەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە