پارتی: لە پێکهێنانی حکومەت نزیکین لەدابەشکردنی سەرۆکایەتیەکانین
2025-05-26
300 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی ڕایدەگەیەنێت، لەسەر هەموو وردەکارییەکانی حوکمڕانی کاری باش کراوە و لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیک بووینەتەوە.
هۆشیار زێباری، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی وتی: لە کۆبونەوەکانی شاندە سیاسی و تەکنیکییەکان لەسەر هەموو وردەکارییەکانی حوکمڕانی کاری باش کراوە، دەبێت وەرەقەیەکی سیاسی و دیدگایەکی هاوبەش و بەرنامەی حوکمڕانی هەبێت و پێداچوونەوە بە هەموو شتەکانی ڕابردوو بکەینەوە کە لە کابینەکانی ڕابردوو هەبوو، بە جۆرێک یەک هەرێم ، یەک حکومەت، یەک لەشکر هەبێت، ئێمە ئەو بابەتەمان تەواو کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا چووینەتە وردەکاری دابەشکردنی سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتە سەرەکی و خزمەتگوزاریییەکان، ئەم ماوەیە یەکلاکەرەوە دەبێت، چونکە بڕیاربەدەستەکان لە دەرەوە بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 21-5-2025، دوایین کۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەکێتی لە شاری هەولێر کرا، گفتوگۆیان لەسەر تەواوکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ زنجیرەیەک کۆبونەوەیان لە ئاستی جیاواز ئەنجامداوە، بەڵام هێشتان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. لە داهاتوو کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن.
|