سودانی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵا له‌كاره‌كانیان دوور ده‌خاته‌وه
14 کاتژمێر پێش ئێستا
158 جار خوێنراوەتەوە
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی دو خوێندكار له‌كاتی مه‌شق و راهێناندا له كۆلێژێكی سه‌ربازی پارێزگای زیقاڕ، بڕیاریدا به‌دورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای سه‌ربازی و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی و عه‌میدی كۆلێژی سه‌ربازی چواره‌م و فه‌رمانده‌ی فه‌وجی تایبه‌تمه‌ند.
سه‌باح نه‌عمان وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، محه‌مه‌د شیاع سودانی بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ركرد بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌مته‌رخه‌م بون له گیانله‌ده‌ستدانی دو خوێندكاری كۆلێژی سه‌ربازی و برینداربونی ژماره‌یه‌ك خوێندكاری دیكه، دوای روداوه‌كه‌ی كۆلێژی سه‌ربازیی چواره‌م له پارێزگای زیقار.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، سودانی بڕیاریداوه به‌دورخستنه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای سه‌ربازی و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی و عه‌میدی كۆلێژی سه‌ربازیی چواره‌م و فه‌رمانده‌ی فه‌وجی تایبه‌تمه‌ند له پۆسته‌كانیان و پاشانیش به‌ته‌واوه‌تی له‌ئه‌رك دوربخرێنه‌وه.
به‌وته‌ی سه‌باح نه‌عمان، سودانی بڕیاریشیداوه به پێدانی پله‌ی مولازم به‌و دو خوێندكاره‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌شه‌هید هه‌ژماركردنیان، داواشیكردوه مامه‌ڵه‌یه‌كی باش و گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و خوێندكارانه بكرێت كه له كۆلێژ و خوله سه‌ربازییه‌كان مه‌شق و راهێنان ده‌كرێت و به‌هیچ جۆرێك زیانیان پێنه‌گه‌یه‌ندرێت.
ڕۆژی چوارشه‌ممه، له كۆلێژی سه‌ربازی چواره‌م له پارێزگای زیقاڕ، به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه و مه‌شق و راهێنانی قورسه‌وه، دو خوێندكار گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌ك خوێندكاری دیكه‌ش برینداربون.
|