جۆینی تیلیگرام بن

سمكۆی شكاك رێبوارێك بەدوای دەوڵەتی كوردییەوە

سمكۆی شكاك رێبوارێك بەدوای دەوڵەتی كوردییەوە

ئیسماعیل‌ئاغای شكاك ناسراو بە سمكۆی شكاك شۆڕشگێڕی كورد، لە ساڵی١٨٧۵ لەدایك بووه و لەدوای‌ جەنگی‌ یەكەمی‌ جیهانییەوه ‌هاتۆته ‌مەیدانی خەبات و كوردایەتی‌یەوە.

پاش كۆتایی شەڕی یەكەمی جیهانی، “سمكۆ” لەپێناو دامەزراندنی‌ دەوڵەتێكی‌ كوردیدا ساڵی١٩١٩ شۆڕشی‌ بەرپاكرد و گەلێ‌ ناوچەی‌ گرنگی‌ خستە ژێر كۆنتڕۆڵی‌ خۆیەوە.

پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ شۆڕشگێڕان و هێزەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستان دروست كرد و لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید كە لە باشووری كوردستان خەریكی شۆڕش بوو و دەیویست ئەو بەشەی كوردستان ڕزگار بكات پێوەندییەكی توندی بەست.

لەماوەی ١١ ساڵ شۆڕشی خۆیدا تەنگی بە ڕژێمی ڕەزاشای پەهڵەوی هەڵچنی. توانی ڕەزاشا بكێشێتە ئەو ئاستەی كە بێتە خزمەتی و داوای ئاگربەست و دانوستان لە سمكۆ بكات.

بەمەشەوە ڕانەوەستاو بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندەواری و رۆشنبیریی كۆمەڵگای كوردستان، دەستی یارمەتی بۆ وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەتی فەڕەنسا درێژ كرد و چەندین مامۆستای بیانی هێنایە كوردستان و بۆ زیاتركردنی چالاكییە كلتووری و نەتەوەییەكانی دەستی بەسەر ورمێ‌دا گرت و چاپخانەی ورمێی بۆ چاپی رۆژنەمەی”ڕۆژی كورد و شەوی عەجەم” بە هاوكاریی بلیمەتی كورد مامۆستا “تورجانیزادە”خستە خزمەتی نووسەران و ڕۆشنبیرانی كوردەوە.

ساڵی١٩٢١ لەئەنجامی‌ لەشكركێشییەكی‌ گەورەی‌ هێزەكانی‌ ئێران، ناچار بوو پاشەكشێ‌ بكات و چووە توركیا. ساڵی1924 بە بڕیارێكی‌ لێبوردن گەڕایەوە ئێران و ساڵی 1926 جارێكی‌تر شۆڕشی‌ بەرپاكردەوە بەڵام ئەمجارە سەركەوتوو نەبوو و ماوەیەك لەتوركیادا بەدەست بەسەری‌ مایەوە.
پاشان گەڕایەوه ‌ئێران و لە رۆژی ٢١ی كانوونی دووهەمی‌ ١٩٣٠ بەپیلانێكی‌ كاربەدەستانی‌ ئەوسای‌ ئێران لەشاری‌ شنۆ تێرۆر كرا و بەمەش شۆڕشەكەی سمكۆ كۆتایی‌ هات كە یازده ‌ساڵ درێژەی‌ كێشا.

سەرچاوە: ماد مێدیا

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *