جۆینی تیلیگرام بن

بۆچی تەقە کردن لە هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووە؟

بۆچی تەقە کردن لە هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووە؟

٧ڕۆژ – تایبەت

لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ژمارەیەک رووداوی ئەمنی لە شارەکانی هەرێم روویانداوە کە گومان دەکرێت بەهۆی خراپی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان دوو حیزبە چەکدارەکەی هەرێمەوە بێت .. لە ناویاندا حاڵەتی تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان و بە ئامانج گرتنی بەرپرسە سیاسییەکان.

رۆژی سێشەممە لە شاری هەولێر هێزێکی ئاسایشی شارەکە هەڵیان کوتایە سەر دوو کەس و بەهۆی تەقەکردنەوە یەکێکیان کوژرا و ئەوی دیکەشیان برینداربوو.

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند دوو کەسەکە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوون و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا تەقەیان لە هێزەکانیان کردووە.. بۆیە رووبەڕوویان بوونەتەوە  و کەسێکیان کوژراوە.

هەرچەندە کەسوکاری کوژراوەکە رەتیان کردەوە کوژراوەکە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بووبێت و لەکاتی رووداوەکەشدا چەکی پێ نەبووە.

جیا لەو رووداوە، بەیانی ئەمڕۆ لە گەرمیان هێزێکی کۆماندۆی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک چەکدار کە وا بڵاوکراوەتەوە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوون رووبەڕووی یەک بوونەتەوە و تێیدا  ئەندامێکی هێزەکانی کۆماندۆ و یەکێک لە تەقەکەرەکان کوژران و یەکێکی دیکەشیان لێ برینداربوو.

هەر ئەمڕۆ لە ناو شاری سلێمانی هێزێکی پۆلیسی شارەکە هەوڵی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباریان داوە، بۆیە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان پۆلیس و ئەو دوو تۆمەتبارە دروستبووە و بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون کە دوانیان لە هێزە ئەمنییەکانن و یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش بە سەختی برینداربووە.

هەینی رابردووش لە شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلی عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی لە ناو شاری تەقێنرایەوە و بەهۆیەوە کەسێک بە سوکی بریندار بوو.

هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی تا ئێستا روونکردنەوەیان لەسەر ئەو تەقینەوەیە بڵاونەکردووەتە کە کێ ئەنجامدەری بووە و ئامانجی کوشتنی کێ بووە بەڵام هەرچی بێت زانیارییەکانی ئاشکرا نەکراون.

ئەمە جیا لەو ئاگر کەوتنەوە بەردەوامانەی لە بازاڕە میللییەکانی شاری هەولێر روودەدەن و دوکان و ماڵی هاووڵاتیان تێیدا دەسوتێت.

زۆر بوونی ئەم ڕووداوە ئەمنیانە گومانی لای چاودێرانی دۆخی سیاسی هەرێم دروستکردووە کە پەیوەندییان بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتییەوە هەبێت بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکی ئەمنی لە پێناو دەستکەوتی سیاسییدا دروست بێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *