جۆینی تیلیگرام بن

پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر زیادکردنى سزاى هاوڕەگەزخوازى دەدات

پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر زیادکردنى سزاى هاوڕەگەزخوازى دەدات

پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر هەموارى یاسایەک دەدات بۆ دیاریکردنى سزاى هاوڕەگەزخوازى، کە لە نێوان لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتاییە، هەمان سزاش بۆ ئەو کەسە دانراوە، هاوژینەکەى لەگەڵ کەسێکى دیکە بگۆڕێتەوە.

دەنگدان بەو پڕۆژەیاسایە لە خشتەى کارى کۆبوونەوەى 27ى نیسانى پەرلەمانە. لە کۆبوونەوەکەدا یاساى قەدەخەکردنی لەشفرۆشی ساڵى 1988 هەموار دەکرێتەوە و “لادانى سێکسى” بۆ ناو یاساکە زیاد دەکرێت.

بەپێی هەموارەکە هاوڕەگەزخوازى بە تاوان دادەنرێت، هەرکەسێک پەیوەندییەک دروست بکات، کە بچێتە چوارچێوەى “لادانى سێکسى” سزاکەى لە نێوان بەندکردنى تاهەتایی و لەسێدارەدان دەبێت. سزاى بانگەشەکردنیش بۆ هاوڕەگەزخوازى بەندکردنە کە لە حەوت ساڵ کەمتر نەبێت، ئەوە جگە لە سزاى پێبژاردن کە بڕەکەى لە نێوان 10 بۆ 25 ملیۆن دینارە.

دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە ٧ڕۆژی راگەیاند، “ئەو هەموارە زۆرترین مشتومڕى لەسەر کراوە، تێبینیش هەبووە لەسەر ئەوەى سزاکانى “قورسن”.

لە 9ى ئابى 2023وە کۆمیسیۆنى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق بەکارهێنانى وشەى هاوڕەگەزخوازى قەدەخە کرد، تاوەکو ئێستا یاسایەک نییە بەدیاریکراوی هاوڕەگەزخوازی قەدەخە بکات. دارا سێکانیانى گوتى، “پێشنیاز هەبووە کە لەبرى ئەو هەموارە، یاسایەکى دیکە دەربکرێت کە تایبەت بێت بە تاوانى هاوڕەگەزخوازى و رێگرى لە لەشفرۆشى”.

لە هەموارەکەدا هاتووە، هەر پیاوێک ژنەکەى لەگەڵ پیاوێکى دیکە بگۆڕێتەوە بە مەبەستى سێکسی، سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدانە، هەر کەسێکیش رەگەزى خۆى بگۆڕێت سزاکەى لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردنە و ئەو پزیشکەى کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ کردووە هەمان سزا دەدرێت.

رۆژی 23ى ئاب، رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ لە راگەیێندراوێکدا داواى لە حکومەتی عێراق کرد، “دەستبەجێ” ئەو پڕۆژەیاسایە بکشێنێتەوە کە خراوەتە بەردەم پەرلەمان و دەڵێت، “ئەگەر پەسند بکرێت. مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات.”

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *