جۆینی تیلیگرام بن

حکومەتی هەرێمی کوردستان: چاوەڕێین بەغدا هاوشێوەی مانگی رابردوو مووچە بنێرێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان: چاوەڕێین بەغدا هاوشێوەی مانگی رابردوو مووچە بنێرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “وەزارەتی دارایی و ئابوری لیستی مووچەی موچەخۆرانی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و پێویستە لەگەڵ موچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی هەرێمیش بنێردرێت، ئێمە دژی تەوتینی موچە نین و زیاتر لە ساڵێکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من دەستمان بەو پڕۆسەیە کردوە.”

ڕۆژی چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕو و وتی، “سەردانێکی گرنگ بو و کاریگەریشی لە سەر پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندی دولایەنە دەبێت.”

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، ڕاپۆرتێکی لە بارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی خستەڕو بۆ موچەی مانگی نیسان کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی موچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، کە چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی ڕابردو، لەگەڵ موچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت.

دواتر وەزیری دارایی و ئابوری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستانکار ئامادە کرابو، چەند میکانیزمێکی خستەڕو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەک دەستپێشخەری حکومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەجۆرێک کە بابەتی داهاتەکان، نەبێتە ڕێگر لەبەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێش هەموشیانەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردەوە کە نابێت هیچ بیانو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانو بۆ خەرج نەکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدڕاڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتو لە هەرێم، بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.

لەبارەی بابەتی بەبانکیکردنی موچەخۆرانی هەرێميش، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە، ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و حکومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی( تەوتین)ی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبوە، لە مێژە بەبانکیکردن( تەوتین) لە ڕێگەی ( هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێکراوە، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە گرنگە، هەروەها ئەم بابەتەش شایەنی چارەسەرە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی موچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت.

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، حکومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەری ڕێکەوتبون کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا کۆنوسی هاوبەشی هەردولادا بێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیمزاکراوە بەڕەچاوکردنی بنەما دەستورییەکان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا موچەی موچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *