جۆینی تیلیگرام بن

هۆكار و چارەسەری ئازاری شان و قۆڵ

هۆكار و چارەسەری ئازاری شان و قۆڵ

ئازاری شان و قۆڵ یەکێکە لەھەرە بێزارکەرترین ئازارەکانی لەش، ئایە ئازاری شان بێت، یان بازو و قۆڵەکان، یان مەچەک و دەست و پەنجەکان بێت، ھۆکار زۆرە بۆ دروستبونی ئەم ئازارانە، وەبەپێی ھۆکارەکەی نیشانەکانی دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان جۆرەکانی قۆڵ ئێشە بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو بۆی لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا.

دكتۆر ھەڤین کمال شاە محەمەد، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج هۆكار و چارەسەری خستوەتەڕو.

ھۆکارەکانی:
1. شێوازی بەکارھێنانی ھەڵەو خووی ڕۆژانەی ھەڵە:
– ھەڵگرتنی شتی قورس:
خراپ ھەڵگرتنی شتی قورس، ئەویش بە بەکارھێنانی تەنیا یەک قۆڵ، ڕێگای ھەڵگرتنی ھەڵە زۆر جار ئازار دروستدەکات لە ئێسکدا، لەبەرئەوە ھەڵگرتنی شتی قورس بەھەردو پەلی سەرەوە باشترە، جگە لەوەی ئەبێت بە دەستەکان ھەڵبگیرێت نەک ھەڵبواسرێت بە قۆڵەوە.

– شێوازی ھەڵە و جوڵەی ھەڵە لەکاتی کاردا:
زۆربەی زۆرمان لەکاتی کاردا دەستەکانمان بەکاردێنین، لەکاتی کاری وەک ئیشکردن لەسەر کۆمبیوتەر یاخود نوسین لەسەر کاغەز، بەڵام دانانی تەندروستی قۆڵ و دەست زۆر گرنگە بۆیە گرنگە ھەر 15 چرکە جارێک شێوازی دانانی قۆڵت بگۆڕیت و وەرزش بکەیت بە پەنجەکانی دەستت.

– شێوازی ئۆتۆمبیل لێخوڕین:
لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەیەکی زۆر و لەگەڵ مانەوە لەسەر یەک شێوازی دانانی قۆڵ و دەستەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەرزکردنەوەو ڕاکێشانیان ئازار دروستدەبێت، بۆیە دەبێت زو زو دەست و باسک و بازوت بجوڵێنیت و وەرزشی پێ بکەیت.

– شێوازی نوستنی ھەڵە:
ھەندێ کەس لەسەر قۆڵێکیان دەنون، یاخود بەشێوەیەکی ناتەندروست ئەینوشتێننەوە، وە لەوانەیە بەو شێوەیە ئاسودەبن لەنوستنەکەیاندا، بەڵام ئەمە زیان دروستدەکات بۆ داھاتو کەئەو ماسولکانە عەزێتیان دەبێت و ئازار دروست دەکات.

2. ئازار لە قۆڵەکان بەھۆی ھۆکاری نەخۆشیەوە:
بڕێکجار ئازاری شان وقۆڵ بەھۆی ھەبونی نەخۆشیەکەوە دروستدەبێت کە باوترینیان ئەمانەن:

– کارپاڵ تونیل سیندرۆم:
بەھۆی بونی فشار لەسەر ئەو دەمارەی کە دەچێت بۆ دەستەکان و ناوی (median nerve)ە، سڕی و ئازار دروست دەبێت لە پەنجەکاندا، ھەروەھا ھەندێ جار دەچێت بۆ دەست و قۆڵەکان.

زۆربەی جار بەھۆی بەکارھێنانی زۆری دەستە توشبۆکە لەکاتی کاردا و مستەکۆڵەی بەھێز یاخود بەکارھێنانی زۆری کۆمبیوتەر و مۆبایل دروست دەبێت، بۆیە پشودان بە دەستەکان گرنگە و لەگەڵیدا وەرزشی تایبەت و ھەروەھا بەپێی ئەو ڕێنماییانەی پزیشکی پسپۆڕدای ئەنێن بۆ ئەوەی نەشتەرگەری پێویست نەبێت.

– نەخۆشییەکانی دڵ یاخود جەڵتەی دڵ:
ھەندێجار شان و قۆڵ ئێشە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ ڕودانی جەڵتەی دڵ، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵیدا ئازاری سەرسنگ ھەبو، بۆیە پێویستە بە خێرایی ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەرگیرێت، لەگەڵیشیدا لەوانەیە ھەناسە تووندی و ڕشانەوەو دڵتێکەڵھاتن و سەرگێژخواردن، عارەق کردنەوەو ھەرس نەکردنی خواردن و لێدانی خێرای دڵی لەگەڵدا بێت.

– ھەوکردنی ماسولکەکانی قۆڵ و شان:
بەھۆی ھەڵگرتنی شتومەکی قورس و لابردنی کەلوپەلی قورس، ھەندێ جار ماسولکەکان ھیلاک و شەکەت دەبن، دەبنە ھۆی دروست بونی کلس لە بەستەر و ژێی ماسولکەکان یاخود ھەوکردن لە ماسولکەکاندا، ناسینەوەی ئەم جۆرە ئاسانە، چونکە بە دەست لێدان و جوڵانی ماسولکەکان ئازار دروستدەبێت، دەتوانرێت تەنیا بە بەکارھێنانی کریم و جێڵی تایبەت و مەساج کردن بە زەیتی زەیتون یاخود زەیتی نەعنا ئەمە چارەسەرکرێت کە دژە ھەوکردنیان تیادایە و ھەوکردنەکە ناھێڵن، ھەروەھا پشودان و وەرزش کردن و دور کەوتنەوە لە ھەڵگرتنی شتی قورس بەتەنیا یاخود بە یەک دەست.

– ئازار و ھەوکردن لە مل دا و کێشەی بڕبڕەکانی مل:
ھەندێ جار بونی کێشەیەک لە مل دا دەبێتە ھۆی ئازار لە شان و قۆڵدا، و سڕبون و دەرزی ئاژەنین لە پەنجەکاندا، لەبەرئەوەی ئاو دەمارانەی لە بڕبڕەکانی ملەوە دەردەچن ھەمان دەمار دێن بۆ قۆڵ و دەستەکان، بونی ھەر فشارێک لەسەر ئەم دەمارانە، ئایە بەھۆی ئینزلاقی دیسکەوە بێت یاخود داخورانی جومگەی فاسیت بێت لە ملدا، دەبنە ھۆی دروستبونی ئازار، ھەندێ جار فشار لەسەر دڕکە پەتک ئازاری توند دروستدەکات لە قۆڵەکاندا.

شێوازی نوستنی ھەڵە و دانیشتنی بەردەوام بەشێوەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر، فشاری باری دەرونی ئەمانە ھەموی دەبنە ھۆی ھەوکردنی دەمارەکانی مل کە کاریگەری ھەیە لەسەر قۆڵ و پشتیش.

بەگشتی ھەر فشار و ھەوکردنێک لە دەماری مل، شان و مەچەک یاخود ژێی ماسولکەکانی شان و دەست ئازار دروستدەکات لەھەمو قۆڵەکەدا.

چۆن دەتوانم خۆم بپارێزم لە ئازاری قۆڵ و شان و دەست؟

1. ھیلاک نەکردنی بڕبڕەکانی مل و پشت و ماسولکەکانی شان و قۆڵ و دەست ئەویش بەوەی بەشێوازی ھەڵە بەکاریاننەھێنین، وەبۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر یەک شێواز نەمێنین لەکاتی کاردا یاخود لەکاتی سەیرکردنی تیڤی یاخود خوێندنەوە یان ھەر چالاکیەکی دی دەبێت ھەمو 15 – 20 خولەک جارێک باری وەستانی لەشمان بگۆڕین.

2. وەرزشکردن: بۆ بەھێز کردنی ماسولکەکان و باشتر کردنی جوڵەی جومگەکان، و دروست نەبونی فشاری سەر ماسولکە، و ئازار، ئەمەش ھەندێ لەو وەرزشانەی دەتوانین بیکەین:
– جوڵانی ھەردو قۆڵ بەلای ڕاست و لای چەپ و بەشێوەی بازنەیی و دوبارەکردنەوەیی بە شێوەیەکی ڕۆژانە کەی بوارت ھەبو.

– ھەردو پەنجەی دەستەکانت دەئاڵێنیت لەگەڵ یەکدا و بەرەو دەرەوە دەیانبەیت بۆ ماوەی 15 چرکە، ئینجا دەوەستیت بۆ 15 چرکە و جارێکی تر ھەمان شت دوبارە دەکەیتەوە، واباشە لە ڕۆژێکدا چەندین جار دوبارە بکرێتەوە.

– وەرزشی پاڕانەوە، ھەردو دەستت بەشێوەی دانانی دەست بۆ پاڕانەوە دەخەیتە بەردەم سنگت بەشێوەیەکی ڕاست و فشار دەخەیتە سەریان بۆ ماوەی 5 خولەک و دیسانەوە پشویان پێ دەدەیت و ئەمە چەند جارێک دوبارە دەکەیتەوە.

3. جۆری خۆراک؛ خۆراکی گونجاو تە ندروست کاریگەرییەکی باشیان ھەیە بۆ نەھێشتنی ئازاری شان و قۆڵ، بەتایبەتی ئەو خواردنانەی کە ڕێژەی کالسیۆم و ڤیتامین D یان زۆرە وەک شیرەمەنیەکان، چەوریی و چەورییە بەسودەکان و ئەو خواردنانەی وئۆمێگا-3 یان تێدایە وەکو چەرەسات، فستق، گوێز، بادەم و گازۆ، ئەو سەوزانەی مادەی ئاسنیان زۆرە وەکو کەرەوز، سپێناخ و ئەوانەی دژە ھەوکردن و دژە ئۆکسان و ئازار شکێنیان تێدایە وەکو زەردەچەوە، زەنجەفیل و بیبەری تون.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *