جۆینی تیلیگرام بن

کێ بەرهەمی سەردانەکەی ئەردۆگان دەچنێتەوە؟

کێ بەرهەمی سەردانەکەی ئەردۆگان دەچنێتەوە؟

٧ڕۆژ – تایبەت

دوای ماوەیەکی زۆر ئامادەکاری رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانەکەی بۆ عێراق ئەنجام داو بە ژمارەیەک رێککەوتنی ئابووری و سەربازییەوە بەغدای بەجێهێشت.

لایەنە بەشدارەکانی سەردانەکە هەر یەکەیان بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن و دەیانەوێت پێگەی خۆیانی پێ بەهێز بکەن.

لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی سودانی و ئەردۆگان کە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکان ئەنجامیاندا، ئەردۆگان رایگەیاند هەردوولا هاوڕابوون پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن.

بە بڕوای شارەزایان ئەردۆگان ئەوەندەی بەدوای چارەنووسی خۆی و حیزبەکەی لەم سەردانەدا دەگەڕێت، ئەوەندە وێڵی رێککەوتنە ئابوورییەکان نیە، چونکە لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی وڵاتەکەی، حیزبەکەی رووبەڕووی شکستێکی سەخت بوویەوە و دەیەوێت بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی گەورەی سەربازی لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ختوکەی هەستی نەتەوایەتی تورکەکان بدات و پێگەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەهێز بکاتەوە.

بەپێی ئاماژەکان عێراق گلۆپی سەوزی بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە گەورەیە هەڵکردووە کە ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاری بۆ دەکات.

هەرچی عێراق و حکوومەتەکەی سودانییە چاوی لەوەیە بڕێک زیاتر ئاوی لە تورکیاوە بۆ بەربدرێتەوە تا لە هاوینی وشک و سەختدا لە وشکە ساڵییە تاقەت پڕوکێنەکان رزگاری بێت.

بەپێی رێککەوتنە واژۆکراوەکان، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ تورکیا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئاو بۆ عێراق بەردەداتەوە و لەبەرانبەریشدا عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە هاوکاری تورکیا دەبێت.

هەرچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارتی دیموکرات بە تایبەتییە، چاوی لەوەیە بەم سەردانەی ئەردۆگان پێگەی سیاسی حکوومەت و پارتی دیموکرات بەهێز بکاتەوە، چونکە لە دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام لە ژێر فشارە سەخت و تاقەت پڕوکێنەکانی بەغدا و تاراندا بووە هەر ئەوەش هۆکاری ئەو پێشوازییە گەرمەیە کە لە هەولێر بۆ بەخێرهاتنی ئەردۆگان ساز کراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا چاوی لەوەیە نەوتەکەی جارێکی دیکە هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە.

هەر سێ لایەنی ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر، خواستی بەهێزیان بۆ سەردانەکە هەبووە بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەوەی باجی سەردانەکە دەدات پەکەکە و هێزە هاوپەیمانەکانیەتی لە باشووری کوردستان.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *