جۆینی تیلیگرام بن

بەختیار عەلی خەڵاتی ‘هێلدا دۆمین’ ـی پێبەخشرا

بەختیار عەلی خەڵاتی ‘هێلدا دۆمین’ ـی پێبەخشرا

بەختیار عەلی، نوسەری بەنێوبانگی کورد لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هایدلبێرگی ئەڵمانیا خەڵاتی ‘هێلدا دۆمین’ـی پێبەخشرا.

خەڵاتەکە تایبەتە بەو نووسەرانەی تاراوگە کە لە ئەڵمانیا بابەتی ئەدەبی دەنووسن و بڵاودەکەنەوە.

خەڵاتەکە لەلایەن دامەزراوەی هێلدا دۆمینەوە دابین دەکرێت و سێ ساڵ جارێک دەبەخشرێتە نووسەرێکی ئەدەبی.

رۆژی 21-11-2023 لیژنەی داوەریی تایبەت بە خەڵاتی هێلدا دۆمین، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە نووسەر بەختیار عەلییان گوت، ئەو براوەی خەڵاتەکەیە بۆ ساڵی 2023. هەمان رۆژ بە فەرمی لە ماڵپەڕەکەیان بڵاویان کردەوە.

پاش وەرگرتنی خەڵاتی نیلی زاکس لە ساڵی 2017، ئەمە دووەمین خەڵاتی گرنگە کە نووسەر بەختیار عەلی وەریدەگرێت.

خەڵاتەکە بە ناوی هێلدا دۆمینە کە بە دایکی پەخشانە شیعری ئەڵمانی و یەکێک لە ناسراوترین شاعیرەکانی سەدەی بیستەمی ئەو وڵاتە دادەنرێت. هێلدا دۆمین خۆی لە ساڵی 1992 یەکەمین براوەی خەڵاتەکە بووە.

لیژنەی هەڵسەنگاندن لەبارەی نووسینەکانی بەختیار عەلی ئاماژەیان بەوەکردووە، “لە جیهانی قەیران و جەنگەکاندا، بەختیار عەلی نموونەی مرۆڤایەتی لە ئەدەبیاتەکەیدا پێشانداوە، کار و ژیانی [بەختیار عەلی] لەنێو شەڕدا و لە کوردستانی عێراق شێوەی گرتبوو. ئەو توانی کوشتنی هەزاران کەس بخاتە نێو چیرۆکە رەنگاوڕەنگەکانیەوە.”

لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “رۆمانەکانی وەکو نووسراوی سەر کێلی قەبرەکانیانن بۆ قوربانییەکان، گێڕانەوەی مەزنی هاوڕێیەتی، ناپاکی و ئازارن. رۆمانەکانی گەڕانن بەدوای راستی و ئاشتەوایی بەبێ تۆڵەسەندنەوە، هەروەها مانەوەن لەگەڵ چیرۆک و لە رێگەی چیرۆکەوە. موزەفەری سوبحدەم، پاڵەوانی رۆمانەکە (دواهەمین هەناری دونیا)، لە بەلەمی پەنابەراندا کە بەرەو ئەوروپا دەڕوات، چیرۆکەکانی خۆی لەسەر دەریا بەرزەکان، بۆ دەرەوە، بۆ ناوەوە، بۆ نەزانراو و خەیاڵنەکراوەکان، دەگێڕێتەوە.”

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەر ماڵپەڕەکە رۆژی 21ـی نۆڤەمبەری 2023 بڵاوکرایەوە، “بەهای خەڵاتەکە 15 هەزار یۆرۆیە.”

بەختیار عەلی، لە 1960 لە سلێمانی لە دایکبووە. رۆماننووس، شاعیر و رۆشنبیری کوردە، لە 1994 کوردستانی جێهێشتووە و رووی لە ئەورووپا کردووە، یەکەم رۆمانی بەناوی “مەرگی تاقانەی دووەم” لە 1997 بڵاوکردووەتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *