جۆینی تیلیگرام بن

فیلمە پڕداهاتەکانی 2023 و ململانێ لەسەر داهاتی یەک ملیاری

فیلمە پڕداهاتەکانی 2023 و ململانێ لەسەر داهاتی یەک ملیاری

لە دوایین رۆژی هەموو ساڵێکدا لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ساڵ بڵاودەکرێتەوە و لە 2023 دوو فیلم بە کۆکردنەوەی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی، لە ریزبەندی یەکەم و دووەمدا هاتن و فیلمی ریزبەندی سێیەمیش داهاتی لە یەک ملیار نزیکە.

‘Fast X’

لە ریزبەندی پێنجەمی لیستەکەوە دەستپێدەکەین، ئەویش بەشی دەیەمی زنجیرە فیلمی ‘Fast & Furious’ یە بەناوی ‘Fast X’ـە کە داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 704 ملیۆن و 875 هەزار و 15 دۆلارە.

ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی لویس لوتەوێرە و هەریەک لە ڤێن دیزڵ، جەیسن ستەیتم و میشێڵ رۆدریگز رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و لە 19ـی ئایاری 2023 لە سینەماکاندا بڵاوکرایەوە.

لەم بەرهەمەدا ترسناکترین کەس رووبەڕووی گرووپێک لە هاوڕێیان دەبێتەوە و مەترسییەکی گەورە لەسەریان دروست دەکات، جارێکی دیکە سەرکێشییەکان بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەردەوام دەبێت.

فیلمەکە لە دەرهێنانی لویس لوتەوێرە و یەکەم بەشی بەناوی ‘Fast & Furious’ لە 2001 بڵاوکرایەوە، جگە لە داهاتی بەشی دەیەمی، داهاتی نۆ بەشەکەی دیکەی شەش ملیار و 614 ملیۆن و 439 هەزار دۆلارە.

ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەکشنە، سەرکێشی و پێشبڕکێی نا یاسایی بە ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکاندا لەخۆدەگرێت و تیشک دەخاتە سەر مژاری، دزین، سیخوڕی و ماڵبات.

بەهۆی ئەو پێشوازیە زۆرەی لەم بەرهەمە سینەماییە کراوە، بەرهەمهێنەرانی وەک یاریی ڤیدیۆیی بەرهەمیانهێناوە.

‘Guardians of the Galaxy Vol. 3’
لە ریزبەندی چوارەمی لیستەکدا فیلمی ‘Guardians of the Galaxy Vol. 3’ دێت کە بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی ‘Guardians of the Galaxy’یە، داهاتی لە سینەماکانی جیهیاندا 845 ملیۆن و 555 هەزار و 777 دۆلارە.

فیلمەکە لە دەرهێنانی جەیمس گەن، دەرهێنەری ئەمریکییە و لە 5ـی ئایاری 2023 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا، بەرهەمهێنانی بەشی سێیەمی؛ لە دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی بەشی دووەمیدا هات.

ئەم بەرهەمە سینەماییە بەر لە نمایشکردنی لە سینەماکاندا، توانی ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماربکات، ئەویش بە بەکارهێنانی زۆرترین کەرستەی ماکیاژ لە کاتی وێنەگرتندا. پێشتر ئەم ژمارە پێوانەییە لە فیلمی ‘Dr. Seuss’ تۆمارکرابوو و زۆرترین کەرستەی ماکیاژ بەکارهاتبوو و لە 2000 بڵاوکرایەوە.

لە بەشی نوێی ‘Guardians Of The Galaxy’ـدا، هەریەک لە کریس پارت، زۆی ساڵدانا و دەیڤ باوتیستوا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

فیلمەکە ئەکشن و کۆمێدییە، باس لە یەکگرتنی ژمارەیەک تاوانبار دەکات لە پێناو رێگریکردن لە جەنگاوەرێکی دەمارگیر کە پلانی لە ناوبردنی گەردوونی هەیە.

بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە بەناوی ‘Guardians of the Galaxy’ لە 2014 بڵاوکرایەوە، بودجەی بەرهەمهێنانی 170 ملیۆن دۆلارە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 773 ملیۆن و 350 هەزار دۆلارە.

جەیمس گەن، لە 5ـی ئابی 1966 لە ئەمریکا لەدایکبووە، ئەکتەر و دەرهێنەری سینەماییە، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، نووسەری سیناریۆ بووە، دواتر رووی لە کاری دەرهێنان کردووە، یەکەم فیلمی بەناوی ‘Slither’ لە 2006 بەرهەمهێنا و لە جۆری بەرهەمە ترسناکەکانە.

‘Oppenheimer’
ریزبەندی سێیەم بۆ فیلمێک بوو کە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، نەوەک تەنیا لە رووی داهاتەوە، بەڵکو لەلایەن رەخنەگرانیشەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا، ئەویش فیلمی ‘Oppenheimer’ـە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 952 ملیۆن و 27 هەزار و 985 دۆلارە و چانسی ئەوەی نەبوو داهاتی لە 2023ـدا بگەیێنێتە یەک ملیار دۆلار، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە 2024 بەو داهاتە بگات.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 19ـی تەمموزی 2023 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا، لەوانەش لە چین کە دووەم گەورەترین بازاڕی فیلمە لە جیهاندا، لە یەکەم پێشاندانی توانی 21 ملیۆن و 45 هەزار دۆلار بەدەستبێنێت.

فیلمەکە باس لە چیرۆکی جەی رۆبەرت ئۆپنهایمەر، زانای فیزیایی دەکات کە خاوەن تیۆرێکی پڕ مشتومڕ بووە و سەرپەرشتی پەرەپێدانی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی لە جەنگی جیهانی دووەمدا کردووە.

فیلمەکە لە دەرهێنانی کریستۆفەر نۆلانە و لە جۆری فیلمە بایۆگرافی، درامایی و مێژووییەکانە و ماوەکەی 150 خولکە و بودجەی بەرهەمهێنانی 100 ملیۆن دۆلارە.

پێشاندانی تایبەتی ‘Oppenheimer’ ئەمساڵ لە لەندنی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کریستۆفەر نۆلان، و بەشێکی کەم لە ئەکتەرانی بوو، هۆکارکەی مانگرتنی ئەکتەرانی هۆلیوود بوو کە بایکۆتی ئامادەبوون لە وێنەگرتنی فیلم و پێشاندانی تایبەتی فیلمەکانیان کردبوو.

‘The Super Mario Bros. Movie’
لە پڕۆژە سەرکەتووەکانی سینەمایی، بەرهەمهێنانی ئەو فیلمانەن کە ناوەڕۆکەکەیان لە یاریی ڤیدیۆیی وەرگیراون، لەوانەش یاریی ڤیدیۆیی ماریۆیە کە لە 2023 فیلمێک لەبارەی کارەکتەری سەرەکیی یارییەکە بەناوی ‘The Super Mario Bros. Movie’ بڵاوکرایەوە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 361 ملیۆن و 367 هەزار و 353 دۆلاری بەدەستهێنا و لە ریزبەندی دووەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی جیهاندا دێت.

سێ دەرهێنەر کاری دەرهێنانیان بۆ فیلمەکە کردووە، ئەوانیش ئارۆن هۆرڤات، میشێڵ جایلینێک و پیێڕ لەدۆگەن و لە 9ـی نیسانی 2023 بڵاوکرایەوە و بودجەی بەرهەمهێنانی 100 ملیۆن دۆلارە.

پێشتر رەخنەگرانی سینەما پێشبینی ئەوەیان کردبوو ئەم بەرهەمە سینەماییە، یەکێک لە باشترین فیلمەکانی 2023 بێت، بەتایبەتیش دوای ئەو پێشوازیە گەرمەی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی جیهاندا لێیکرا.

هۆکاری ئەو پێشوازییە لە ‘The Super Mario Bros. Movie’، ناوبانگی یاریی ڤیدیۆیی ماریۆیە لەسەر ئاستی جیهاندا و بەهۆیەوە فیلمەکە بینەری گەورە و بچووکی هەبووە.

‘Barbie’
فیلمی پڕ مشتومڕی ئەمساڵ؛ ‘Barbie’ بوو، پێشوازییەکی بەرچاوی لەلایەن بینەران و رەخنەگرانی سینەماوە لێکرا و لە دەرهێنانی گرێتا گێرویگە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 441 ملیۆن و 820 هەزار و 453 دۆلارە.

ئەم بەرهەمە سینەماییە بەربژێری نۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە، لەوانەش باشترین فیلمی کۆمێدی، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری ژن و پیاو.

گرێتا گێرویگە (40 ساڵ) بەهۆی ئەو داهاتە زۆرە، ناوی چووە نێو مێژوو و توانی وەک دەرهێنەرێکی ژن ببێتە خاوەن زۆرترین داهاتی فیلم.

گرێتا گێرویگ، لە 4ـی ئابی 1983 لە ئەمریکا لەدایکبووە، وەک یەکێک لە دیارترین فیلمسازەکانی سینەمای سەربەخۆی ئەمریکا دەناسرێت، لە 2018 ناوی لە لیستی ‘تایم’ بۆ 100 کاریگەرترین کەسانی جیهاندا هات و دوو فیلمی لە بەشی باشترین فیلم بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بوونە.

جگە لە نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان، وەک ئەکتەر لە چەندین فیلمدا بەشداربووە، لەوانە فیلمی ‘Damsels in Distress’ لە 2011، ‘To Rome with Love’ لە 2012 و ‘Mike Mills’ 20th Century Women’ لە 2016.

فیلمی ‘Barbie’ لە 2023 بڵاوکرایەوە کە پڕە لە رەنگی پەمەیی، هەر لە رەنگی جلوبەرگەکانەوە بگرە، تاوەکو کەلوپەل و ناو ماڵ و بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ئەو رەنگە، کێشەی لە بازاڕی بۆیاخدا دروستکربوو و بۆیاخی پەمەیی لە جیهاندا کەمیکردبوو.

بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە پێشتر ئاماژەیان بۆ ئەوەکردبوو، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی رەنگی پەمەیی لە فیلمەکەدا کراوە، بۆ ئەوەی جیهانی باربی بە شێوەیەکی دروست بخەنەڕوو.

سارە گرینوود، دیزاینەرەی فیلمەکە کە بەربژێری شەش خەڵاتی ئۆسکار بووە؛ پێشتر رایگەیاندبوو، جگە لە رەنگی نێو ماڵی باربی، شەقام و کەرستەی دیکەیان لە دەرەوەی ماڵەکەی بە رەنگی پەمەیی رازاندووەتەوە.

گرێتا گێرویگ، دەرهێنەری فیلمەکە، پێشتر رایگەیاندبوو، فیلمەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بۆیاخی پەمەیی لە جیهاندا، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، بڕێکی زۆر لەم بۆیاخیان دەستەبەرکردووە بۆ ئەوەی فیلمەکە بە شێوەی خوازراو بەرهەمبهێنن.

باربی، بووکەڵەیەکی بواری مۆدەیە و لەلایەن کۆمپانیای ماتێل بۆ یارییەکان دروستکراوە، لە مانگی ئازاری 1959 خراوەتە بازاڕەوە، رۆس هاندلەر، ژنە بازرگانی ئەمریکی دیزاینیکردووە و بیرۆکەکەی لە بووکەڵەی بیڵد لیلی وەرگیراوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *