جۆینی تیلیگرام بن

ڤیتۆر رۆکی 8 ساڵ درێسی بارسێلۆنا لەبەردەکات

ڤیتۆر رۆکی 8 ساڵ درێسی بارسێلۆنا لەبەردەکات

یانەی بارسێلۆنا هاتنی یاریزانە نوێیەکەی ڤیتۆر رۆکی بۆ ئیسپانیا راگەیاند، بۆ ئەوەی لە مانگی یەکی ساڵی 2024 دەست بە ژیانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ یانەکەی بکات.

رۆکی بۆ ماوەی هەشت وەرز گرێبەستی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا واژۆکردووە و بڕی مەرجی سزایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 500 ملیۆن یۆرۆیە.

بڕیاربوو هاوینی داهاتوو ئەو یاریزانە بەرازیلییە پەیوەندی بە ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکەوە بکات، بەڵام یانەکە بڕیاریدا وادەی هاتنی بۆ ماوەی شەش مانگ پێشبخات بەهۆی پێکانەکەی گابی و دابەزینی رێژەی گۆڵکردنی یانەکە.

لە ماوەی ئەم وەرزەدا رۆکی لەگەڵ تیپی ئاتلێتیکۆ پارانێنسێی بەرازیلی لە 45 یارییدا لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا بەشداری کرد، لەو ماوەیەدا 21 گۆڵی تۆمارکرد و بەشداری لە 8 ئاسیستدا کرد، هەروەها بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ نازناوی گۆڵکاری پاڵەوانێتی ئەمریکای باشووری بۆ تەمەن خوار 20 ساڵانی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەدەستهێنا.

میدیاکانی ئیسپانیا دوێنێ بڵاویانکردەوە، هێرشبەرە بەرازیلییەکە بە یاوەری دایک و باوکی و خوشکەکەی و هاوژینە نوێیەکەی و خەزووری، بە فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی بارسێلۆنا ئێل پرات جۆزێپ تراداس نیشتوونەتەوە.

رۆکی بە فەرمانی چاڤی هێرناندێزی راهێنەر پێویستە پاشنیوەڕۆی 29ـی مانگ دەست بکات بە مەشقەکان بۆ ئەوەی بۆ یاریی بەرامبەر لاس پاڵماس لە لالیگادا ئامادە بێت.

دوای یەکەم مەشق و راهێنان لەگەڵ هاوڕێ نوێیەکانی، ڤیتۆر رۆکی یەکەم پەیوەندی لەگەڵ هاندەرانی بارسێلۆنا لە 30ـی ئەم مانگە دەبێت، کاتێک بەشداری لە مەشق و راهێنانە کراوەکاندا دەکات، کە لە یاریگای یۆهان کرۆیف بەڕێوەدەچن.

ڤیتۆر رۆکی، دوای ئەوەی وێنەی یادگاری لەگەڵ لۆگۆی بارسێلۆنا گرت، لە لێدوانێکدا وتی “زۆر سوپاس، زۆر دڵخۆشم بە هەموو ئەو شتانەی لە ژیانمدا روویانداوە، ئەوە خەونێک بوو ئێستا هاتووەتە دی. هیوادارم لەگەڵ هاوڕێکانمدا فێربم و چێژ وەربگرم، هەمیشە دەمەوێت تۆپ وەربگرم و هەوڵبدەم تا دەتوانم لە هەموو تیپەکە فێربم، هەروەها گۆڵ تۆماربکەم”.

ئەو گوتیشی “هەمیشە ئارەزووی بردنەوە دەکەم تاوەکو دەتوانم. هەروەها هەوڵدەدەم یارمەتی تیپەکەم بدەم”.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *