جۆینی تیلیگرام بن

کێ لە کوردستان مۆدێلی ئەتکردنی مرۆڤی بە سەرتاشین داهێنا؟

کێ لە کوردستان مۆدێلی ئەتکردنی مرۆڤی بە سەرتاشین داهێنا؟

لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا لە شاری هەولێر دوو کەس لە لایەن خەڵکی چەکدارەوە لەسەر دۆسیەی جیاواز دەرفێندرێن و دوای ئەشکەنجەدانیان وەک سوکایەتی پێ کردن بۆ ئەتک کردنیان سەریان دەتاشرێت.
لەناو کلتورە جیاوازەکانی دنیادا، سەر و سمێڵ تاشین بە زۆر وەک هۆکارێک بۆ ئەتکردنی مرۆڤەکان بەکارهاتووە، ماوەی چەند ساڵێکە ئەم مۆدێلە لە هەرێمی کوردستان برەوی پەیا کردووە.
سەر و برۆ تاشینی دوو هاووڵاتی شاری هەولێر کاردانەوەی فراوانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە، کاردانەوەکان بە ئەندازەیەک زۆرن کە بەرپرسانی هەر زوو هێناوەتە سەر خەت و بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان بکەرانیان دەستگیرکردووە.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەر دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان سەرمەشقی سوکایەتی پێ کردنی ئەو کەسانە بوون کە بیرۆڕایان لەگەڵیان جیاواز بووە.

ساڵی ٢٠١٦ پێشمەرگەیەک بەناوی هێمن بنەسڵاوەیی بەهۆی جیاوازی بۆچوونی سیاسییەوە لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراو و دوای ئەشکەنجەو سوکایەتی پێ کردنی سەر و سمێڵی تاشراو ئاودیوی دێگەڵەکرا.

ئەم رووداوە بووە هەوێنی روودانی ژمارەیەک رووداوی دیکەی سوکایەتی پێکردن لەلایەن چەکدار و لایەنگرانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە.

وەک شەق هەڵدان لە مامۆستایان و قوتابیان و سوتاندنی ریشی مامۆستایانی ئاینی و پەلاماردانی ژنان کە دیارترینیان لە ناو بینای دادگای سلێمانی ئەفسەرێک ژمارەیەک ژن و کچی دایە بەر شەق.

دوای ئەو ڕووداوانە ساڵی ٢٠٢٠ لە گەرمەی ململانێکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی، پلەدارێکی سەربازیی هێزی پێشمەرگە و کوڕی ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆچکردووی یەکێتی بەهۆی بوونی ناکۆکی سیاسییەوە بە زەبری چەک لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە لە سلێمانی رفێندرا و دوای ئەشكەنجەیەکی زۆر سەر و سمێڵی تاشرا و ڕەوانەی ماڵەوە کرایەوە.

بە لێکدانەوەی مامەڵەی هێزە چەکدارەکان لە هەرێمی کوردستان پێدەچێت سەر و سمێڵ تاشین ئەهوەنترین رێگای شکاندنی کەرامەتی هاووڵاتیان بووبێت.

لە تەواوی ئەو رووداوانەی لەلایەن چەکدارانی حیزبەوە تا ئێستا روویانداوە دیار نیە ئەنجامدەران دەستگیرکرابن و رووبەڕووی یاسا کرابنەوە هەر ئەوەش وایکردووە هاووڵاتیانیش بێ سڵەمینەوە لە یاسا لە هەر کێشەیەکی ئاساییدا دەست بۆ ئەتکردن و شکاندنی کەرامەتی نەیارەکانیان ببەن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *