چێزنی: وەک من مەکەن، من جەنگەکەم دۆڕاند

19   کاتژمێر پێش ئێستا  113 جار خوێنراوەتەوە

فیوجنیک چێزنی، گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا ئاشکرایکردووە چەندینجار هەوڵیداوە واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە لەو کارەدا.
 
چێزنی لە چاوپێکەوتنێکدا داوای لە هەمووان کردووە لەو خووەدا ئەو نەکەنە نموونەی باڵایان.
 
چێزنی پرسیاری لێکراوە لەبارەی ئەوەی ئایا خۆی بەپێشەنگی گەنجان دەزانێت، دەڵێ، "پێموایە هەندێک لایەن هەیە لە یارییەکەدا کە دەتوانم خۆم بەپێشەنگ و نموونەی لاوان دابنێم، بەڵام هەندێک لایەن هەیە بەو شێوەیە نییە".
 
هەروەها دەڵێ، "هەندێک شت هەیە شکستم هێناوە لەوەی پێشەنگ بم تێێدا، بەڵام هەوڵدەدەم باشترین پێشان بدەم، هەروەها هەوڵدەدەم پێشەنگ بم بۆ هاوڕێکانم و منداڵان، بەڵام لەبارەی جگەرەکێشانەوە، تکایە وەک من مەکەن، لاساییم مەکەنەوە، من جەنگەکەم دۆڕاند".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاتێک بچووک بووم، لە خوویەکی خراپەوە گلام لە کاتێکدا دەمزانی زیانبەخشە، بەڵام من شکستم هێنا لەسەرکەوتن بەسەریدا، لەبەرئەوە بەهەموو کەسێک دەڵێم، ئەوە مەکە کە من کردوومە".
 
پێشتر جگەرەکێشان چەندین کێشەی بۆ چێزنی دروستکردووە، بەنێوبانگترینیان ئەوەبوو کە گۆڵپارێزی ئارسیناڵ بوو کاتێک ئارسن ڤینگەر راهێنەری یانەکە بوو.
 
چێزنی ئەوکات تۆمەتبارکرا بەجگەرەکێشان لە گەرماوی یانەکە پاشئەوەی تیپەکەی بەرامبەر ساوسامپتۆن دۆڕا و ئەو بەرپرسبوو لە هەردوو گۆڵەکە. ئەوکات ئەو گۆڵپارێز بە 20 هەزار پاوەند سزادرا و لە یاریی دواتری یانەکە دوورخرایەوە.
 
چێزنی لەبارەی ئەو رووداوەوە دەڵێ، "ئەو ماوەیە زۆر جگەرەم دەکێشا، ڤینگەریش دەیزانی، لە راستیدا ئەو راهێنەرە نەیدەویست هیچ یاریزانێک لە ژووری جلگۆڕیندا جگەرە بکێشێت، منیش ئەوەم دەزانی، هەربۆیە دوای بێئومێدیم لە یارییەکە، لە گەرماوەکەدا جگەرەیەکم کێشا".
 
زیاتر دەڵێ، "چوومە سووچێکی گەرماوەکەوە و دەستمکرد بەجگەرەکێشان، لەگەڵ ئەوەشدا یەكێکیان منی بینی و چوو بە ڤینگەری گوت، ئەو رووبەڕووم بووەوە و گوتی ئەوەی باسیدەکەن راستە؟ منیش گوتم بەڵێ، هەربۆیە دوای چەند رۆژێک سزای دام و کارەکەش هەر لەوێدا کۆتایی هات".
 
چێزنی وتیشی، کاتێک پێیگوتم لە پێکهاتە دوورتدەخەمەوە، بڕیارەکەم قبووڵکرد بەبێ هیچ دەنگەدەنگ و کێشەیەک، پێشبینیمدەکرد دوای چەند هەفتەیەک بگەڕێمەوە پێکهاتەی تیپەکە، بەڵام داڤید ئۆسپینا زۆر باشدەرکەوت و شوێنی منی گرتەوە.
 
چێزنی ئەمساڵ وەرزێکی ناوازەی لەگەڵ بارسێلۆنا بەسەردەبات و لە 25 یاریدا کە بەشداری کردووە، تەنیا یەک یاریی دۆڕاوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە