پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیی گۆڵبۆڵی نابینایان لە سلێمانی دەکرێت
2025-04-22
103 جار خوێنراوەتەوە
یانەی وەرزشیی رۆژ وەک ئامادەکاری بۆ پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی، راهێنان بۆ یاری گۆڵبۆڵی نابینایان دەکەن، کە بڕیارە 23ی نیسان بەڕێوەبچێت.
محەممەد ئەحمەد، کەمبینایە و یەکێکە لە یاریزانە ئاست بەرزەکان، کاپتنی تیپەکەیە و هەفتانە نزیکەی چوار رۆژ راهێنان دەکەن.
کاپتنەکە پێیوایە، پاڵەوانێتییەکە زۆر قورسە، بەڵام هەوڵدەدەن پلەکانی پێشەوە بەدەستبهێنن.
ئەو دەڵێت: ئەگەر یارییەکە تەماشابکەیت رەنگە بڵێیت هیچ نییە، بەڵام وردەکاریی زۆرە و یاسای زۆر جیاوازی تێدایە، کە لە هیچ یارییەکدا نییە.
یاریزانی گۆڵبۆڵ سەرنجدانێکی زۆری پێویستە، بۆئەوەی بزانێت تۆپەکە لەکوێوە دێت و بەرەو تۆپەکە بڕوات.
بیلال حەمە ساڵحیش یاریزانێکی تەواو نابینایە، بەئومێدە ئاستی یەکەم بەدەستبهێنن.
ساڵی رابردوو لەپاڵەوانێتی سنە دووەمی پاڵەوانێتییەکەیان بەدەستهێناوە لەم پاڵەوانێتییەش بەگوتەی بیلال، ئامانجیانە نەهێڵن کاسەکە لە سلێمانی بچێتە دەرەوە و دەیانەوێت بۆخۆیانبێت.
تیپی گۆڵبۆڵی یانەی رۆژ نزیکەی پێنج ساڵە لەلایەن رێکان مەحموود راهێنانیان پێدەکرێت.
دامەزرێنەری تیپەکە لە ئاستی یاریزانەکانی رازییە و چاوەڕێی ئەنجامی باش دەکات، هاوشێوەی ئەنجامەکانی پێشتریان.
پێشڕەو محەممەد، سەرپەرشتیاری تیپی گۆڵبۆڵی یانەی رۆژە، گوتی: "لەسەر ئاستی عێراق یانەکەمان باشە، بەڵام ئەم تیپانەی کە لەپاڵەوانێتییەکە بەشدارن یاریزانی پیشەگەریان هێناوە و باشن، بۆیە ئێمەش دوو یاریزانی پیشەگەرمان هێناوە و بەردەوام راهێنان دەکەین."
یاری گۆڵبۆڵ لە یاریگایەکی 18 مەتر بۆ نۆ مەتریدا دەکرێت، کە هەر گۆڵێک نۆ مەتر درێژە و هەر تیپێکیش سێ یاریزان یاری تێدە دەکات.
تۆپەکە زەنگوڵەی تێدایە، بۆئەوەی ئاساتنتر یاریزانەکان هەست بە جوڵەی تۆپەکە بکەن.
ئامادەکاریی تایبەت لە هۆڵی یارییەکە کراوە بۆئەوەی کەمترین دەنگدانەوە لەکاتی یاریدا دروستببێت.
فرسەت ئیبراهیم شاڵی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری پاڵەوانێتیی سلێمانی نێودەوڵەتی بۆ یاری نابینایان باس لەوە دەکات، لەنێوان هەموو یانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجارە یانەی رۆژ ئەم پاڵەوانێتییە دەکات.
سەرپەرشتیارانی پاڵەوانێتییەکە تیمێکی چوار کەسین، سەرۆک تیمەکە ئیتاڵییە، یاریدەدەرەکانی تورکی و ئێرانی و عێراقین، واتە ئەندامی کوردی یانەی رۆژی تێدا نییە. بەگوتەی رێکخەرەکان، ئەمەیان کردووە بۆئەوەی ئەگەر یانەی رۆژ یەکەم بوو کەس نەڵێت نادادپەروەری تێدابووە.
پاڵەوانێتییەکە بەبەشداریی هەشت تیپ بەڕێوەدەچێت، کە لە هەرێمی کوردستان، عێراق، ئێران، تورکیا، عومان و ئیمارەتەوە بەشدارن.
پاڵەوانێتییەکە یانەی رۆژ بۆ وەرزشی کەسانی نیڤشکان و یەکێتی نێودەوڵەتی وەرزشی نابینایان بەشی یاری گۆڵبۆڵ رێکیخستووە و لەلایەن یەکێتیی پارائۆڵمپی گۆڵبۆڵی عێراق و بەچاودێریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
|