ئەنچێلۆتی دەڕوات و شوێنگرەوەکەی ئامادەیە

2025-04-17  175 جار خوێنراوەتەوە

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، دوای یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، یانەکە جێدەهێڵێت.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدرید لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەکە رێککەوتوون لەسەرئەوەی ئەو راهێنەرە دوای یاریی کۆتایی جامی شا، ماڵئاوایی لە یانەکە بکات.
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەنجامی یاریی کۆتایی جامی شا، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیارەکە نابێت، تەنانەت ئەگەر ریال مەدرید نازناوەکەش بەدەستبهێنێت، ئەنچێلۆتی بەردەوام نابێت.
 
ریال مەدرید رۆژی 26ی ئەم مانگە لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، لەسەر یاریگەی لاکارتۆخا رووبەڕووی یانەی بارسێلۆنا دەبێتەوە.
 
دوای دۆڕانی ریال مەدرید بەرامبەر ئارسیناڵ و کرانەدەرەوەی لە چامپیۆنزلیگ، دەنگۆی رۆیشتنی ئەنچێلۆتی لە یانەکە بووە سەردێڕی میدیاکان، ناوی چەندین راهێنەری گەورە بە یانەکەوە بەسترانەوە، دیارترینیان چابی ئەلۆنسۆ و یۆرگن کڵۆپ بوون.
 
یۆرگن کڵۆپ، وەرزی رابردوو وازهێنانی خۆی لە مەشقدانی یانەی لیڤەرپوول راگەیاند و گوتی پێویستی بە پشووە، ئەو ئێستا وەک بەڕێوبەری وەرزشیی لە پڕۆژەی رێدبوڵ کاردەکات. چەندین سەرچاوەی جیاواز ئاشکرایانکردووە، ئەو راهێنەرە دڵخۆش نییە لە کارەکەی ئێستای و دەیەوێت بگەڕێتەوە راهێنەرایەتیکردن.
 
پێشتر یۆرگن کڵۆپ ساڵی 2019 رایگەیاندبوو "یەکێک لەو یانانەی ناتوانم مەشقدانیان رەت بکەمەوە، ریال مەدریدە".
 
پێدەچێت چابی ئەلۆنسۆ نزیکترین بژاردە بێت بۆ شوێنگرتنەوەی ئەنچێلۆتی، ئەو راهێنەرە وەرزی رابردوو توانی نازناوی بۆندیسلیگا بەبێ دۆڕان بۆ یانەی بایرلیڤەرکوزن بەدەستبهێنێت و لە هەمان وەرزدا، جامی ئەڵمانیاش لەگەڵ ئەو یانەیە بەرزبکاتەوە.
 
لە سەرەتای ئەم وەرزەوە، ئەلۆنسۆ ئامانجی سەرەکیی ریال مەدرید بووە و هەردەم ئەو یانەیە لە هەوڵدا بووە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو راهێنەرە.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی ئیسپانی، ریال مەدرید ئەم وەرزە چەند جارێک گفتوگۆی لەگەڵ ئەو راهێنەرە کردووە، بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی و ئەوەش راهێنەرە ئیتاڵییەکەی تووڕە کردووە.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەڵمانی، لە گرێبەستی چابی ئەلۆنسۆ لەگەڵ یانەی بایرلیڤەرکوزن هاتووە، ئەو راهێنەرە دەتوانێت بەرامبەر 2 ملیۆن یۆرۆ، یانەکە جێبهێڵێت.
 
هەمان سەرچاوە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە یانەی بایرلیڤەرکوزن خۆی بۆ پڕۆژەی دوای رۆیشتنی ئەلۆنسۆ ئامادە دەکات.
 
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، بڕیاریداوە کارلۆ ئەنچێلۆتی لە مەشقدانی یانەکە دووربخاتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی رێزی زۆر لەو راهێنەرە دەگرێت و پێزانینی بۆ دەستکەوتەکانی لەگەڵ یانەکە هەیە، بۆیە نایەوێت لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە و دەیەوێت رازی بکات بەوەی، هەردوولا بەڕێکەوتنی نێوانیان، گرێبەستی نێوانیان هەڵبوەشێننەوە.
 
گرێبەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، تاوەکو هاوینی 2026 نوێکراوەتەوە و ئەو راهێنەرە چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە، خۆی دەستپێشخەر نابێت لە بەجێهێشتنی یانەکە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی لە دوو ماوەی جیاوازدا، راهێنەرایەتیی ریال مەدریدی کردووە، لە هەریەکێکیاندا کۆمەڵێک دەسکەوتی گەورەی هەبووە.
 
ماوەی یەکەم، لە نێوان ساڵانی 2013-2015:
 
یەک نازناوی چامپیۆنزلیگ
 
یەک نازناوی جامی شای ئیسپانیا
 
یەک نازناوی جامی جیهانی یانەکان
 
یەک نازناوی جامی سوپەری ئەورووپا
 
ماوەی دووەم، لە نێوان ساڵانی 2021-2025:
 
دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ
 
دوو نازناوی لالیگا
 
یەک نازناوی جامی شای ئیسپانیا
 
یەک نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا
 
دوو نازناوی جامی سوپەری ئەورووپا
 
یەک نازناوی جامی جیهانی یانەکان
 
یەک نازناوی جامی ئینتەرکۆنتینێنتاڵ


   ئەمانەش بخوێنەرەوە