هانزی فلیک متمانەی بەتواناکانی ئەستێرەیەکی بارسا نەماوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
سەرچاوە رۆژنامەوانییە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، متمانەی بەتواناکانی گاڤی یاریزانی ناوەڕاستی تیپەکەی نییە، هەربۆیە لەوانەیە یانەکە فرۆشتنی ئەو یاریزانە، بخاتە نێو کارنامەی خۆیەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئاستی ئێستای ئەو بەهرەمەندە، مایەی دڵخۆشیی راهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە نییە، تەنانەت فلیک بەجۆرێک لە نیگەرانییەوە لە ئاستی دەڕوانێت.
میگێل تالاڤێرای رۆژنامەوانی ئیسپانیی نزیک لە بارسێلۆنا، ئاشکرایکردووە فلیک هیچ سەرسامییەکی بەرامبەر ئاستی گاڤی نییە، هەستناکات ئەو یاریزانە بەپێی پێویست هەوڵبدات و خۆی ماندوو بکات بۆ تیپەکە، ئەگەرچی زیاتر لە هەلێکی هەبووە بۆ یارییکردن.
ئەو رۆژنامەوانە دەڵێت، راهێنەرە ئەڵمانییەکە چەندین هەلی بۆ هەڵکەوتووە، بۆ ئەوەی لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا، رێگا بە گاڤی بدات بۆئەوەی بەشدارییەکی کارا و زیاتری لە یارییەکانی تیپەکەدا هەبێت، بەڵام ئەو نەیویستووە یاریی پێ بکات، ئەوەش پرسیاری لەبارەی متمانەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە، بەو یاریزانە دروستکردووە.
ئەو زانیارییانەی بڵاوبوونەتەوە، پرسیاری زۆریان لەبارەی داهاتووی گاڤی لەگەڵ یانەکە دروستکردووە، بەتایبەت کە لە پێشوودا بەیەکێک لە کۆڵەکەکانی داهاتووی یانەکە دادەنرا و پشتی زۆری پێدەبەسترا.
هەندێک سەرچاوە دەڵێن، بەهۆی ئەو سەرنجەوە کە فلیک لەسەر یاریزانەکە هەیەتی، یانەکەی بیر لەوە دەکاتەوە بۆ داهاتووی نزیک، بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو یاریزانە بدات.
سەرچاوەکان دەڵێن، داهاتووی ئەو یاریزانە لە یانەکەی، پەیوەندی بەوەوە هەیە دوایین بڕیاری فلیک لەسەر ئەو یاریزانە چی دەبێت و ئایا دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکە یان نا.
لەماوەی رابردوودا، هەندێک سەرچاوەی میدیایی، گاڤییان بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و لیڤەرپوولی ئینگلیزییەوە بەستەوە، بەبێئەوەی هیچ هەنگاوێکی فەرمی، لەوبارەیەوە هەبێت.
|