میدیای پۆرتوگال باسی سزادانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەن

36   خولەک پێش ئێستا  18 جار خوێنراوەتەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، هەڕەشەی راگرتن و سزای لەسەرە، بۆ ماوەیەک کە دەکرێ بگاتە شەش مانگ، پاشئەوەی بەتووڕەیی کەمپی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەجێهێشت، دوای ناکۆکی لەگەڵ خۆرخێ جیسوسی راهێنەر.

سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، ئەگەر هەیە سزایەکی تووند بەسەر رۆناڵدۆدا بسەپێنرێت.

بەهۆی ژمارەی خولەکەکانی یارییکردنەوە، ناکۆکی لە نێوان رۆناڵدۆ و جیسوسدا سەریهەڵدا و کاپتنی پۆرتوگال، کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەی بەجێهێشت، بەرلەوەی لە بڵاوکراوەیەکدا هۆکاری ناکۆکییەکان ئاشکرا بکات و داوای لێبوردن بکات.

رۆناڵدۆ ئەگەرچی رایگەیاندووە ئامادەیە بۆ قبووڵکردنی سزاکەی و گەڕانەوە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەکەی، بەڵام وەک سەرچاوەکان دەڵێن، پەیڕەوی ناوخۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال، سزادان بە راگرتنی کاتی بەسەر رۆناڵدۆدا دەسەپێنێت، بەڵام ئەنجوومەنی تەمبێکاریی فیدراسیۆنەکە، ماوەی سزای راگرتنەکەی دەستنیشاندەکات.

رۆژنامەی 'میرەر'ی بەریتانی دەڵێ، ئەگەر هەیە سزاکەی رۆناڵدۆ لە نێوان راگرتن بۆ مانگێک تاوەکو شەش مانگدا بێت، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوەی دیکە دەڵێن، ئاراستەی گشتی سزادانەکە بەرەو ئەوەیە کە سزاکە ماوەکەی کەمتر بێت، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو یاریزانە، داوای لێبوردنی کردووە.

ئەگەر سزای رۆناڵدۆ لە راگرتن بۆ ماوەی مانگێک زیاتر بێت، ئەو یاریزانە لە دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە نەیشنسلیگ، لە مانگی داهاتوودا بەرامبەر هەریەکە لە دانیمارک و وێڵز دادەبڕێت.

رۆناڵدۆ دوای بەجێهێشتنی کەمپی هەڵبژاردەکەی، گەڕایەوە سعودیە و دوێنێ هەینی لەگەڵ نەسڕ، گۆڵی ژمارە 980ی لە کاروانی خۆیدا تۆمارکرد، پاش سەرکردایەتیکردنی یانەکەی بۆ بردنەوە لە درعییە، بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە