بۆچی ئێمباپێ و ڤینیسیۆس بەیەکەوە ناگونجێن؟

38   خولەک پێش ئێستا  15 جار خوێنراوەتەوە

نەگونجانی تاکتیکی لەنێوان هەردوو ئەستێرە کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری ریال مەدرید، لە کاتێکدا سەرکەوتنی تەواوی پڕۆژەکەی یانەی شاهانە بەستراوەتەوە بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

کەمتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر، ریال مەدرید لە لووتکەی تۆپی پێی جیهاندا بوو؛ دوای بردنەوەی پانزەهەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ، کیلیان ئێمباپێی لە پاریس سانجێرمانەوە گواستەوە، هاوکات ڤینیسیۆس بەربژێری سەرەکیی باڵۆندۆر بوو و جود بێلینگهام لە یەکەم وەرزیدا 23 گۆڵی تۆمارکردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، واقیعەکە زۆر جیاواز دەرکەوت؛ یانەکە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هیچ نازناوێکی گەورەی بەدەستنەهێناوە، چوار راهێنەری گۆڕیوە و تەنانەت هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیشی راگەیاند.

دوای ماڵئاواییکردنی تۆنی کروس لە ساڵی 2024 و لوکا مۆدریچ لە ساڵی 2025، یانەکە تووشی بۆشاییەکی گەورە لە دروستکردنی یاری بووەوە لە هێڵی ناوەراست، بەڵام گەورەترین کێشە لە نەگونجانی نێوان ئێمباپێ و ڤینیسیۆسدا کورت دەبێتەوە.

سەرچاوەیەک لە نێو سەنتەری مەشقی ڤاڵدیبێباس دەڵیت "ئەمە کێشەی تۆپی پێ و خۆپەرستییە، بەڵام پێش هەموو شتێک کێشەی هونەرییە". ئەندامێکی دەستەی راهێنەرانی پێشووی یانەکەش دەڵێت "ئەم کێشەیە چارەسەر نابێت تاوەکو یەکێکیان ریال مەدرید جێدەهێڵێت".

لە رووی تاکتیکییەوە، نەخشەی جووڵەی هەردوو یاریزان پێشانیدەدات هەردووکیان حەز بە یارییکردن لە هەمان شوێن دەکەن کە باڵی چەپە. ئێمباپێ لە 8 یاریدا 8 گۆڵی کردووە بەڵام لە دوو دۆڕانەکەی یانەکەیدا بێدەنگ بووە، لە بەرامبەردا ڤینیسیۆس لە 8 یاریدا تەنیا یەک گۆڵی کردووە. لە رووی بەرگریشەوە بەهۆی کەمیی گەڕانەوەی ئەم دوو ئەستێرەیە، هاوسەنگیی یانەکە تێکچووە بەرامبەر رکابەرەکانی.

پێشتر کارلۆ ئەنچیلۆتی، چابی ئەلۆنسۆ و ئەلڤارۆ ئەربێلوا هەموویان شکستیانهێنا لە دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوو یاریزانەدا. ئەلۆنسۆ ئێمباپێی کردە سەرکردە و کێشە لەگەڵ ڤینیسیۆس دروستبوو، ئەربێلوایش هەوڵیدا دڵی ڤینیسیۆس رازی بکات و متمانەی ئێمباپێی لەدەستدا. ئێستا مۆرینیۆ سیستمی یارییکردنی لە 4-4-2 بۆ 4-2-3-1 گۆڕیوە تاوەکو بۆشاییەکان دابپۆشێت و باری سەرشانی ئەو دوو ئەستێرەیە لە بەرگریدا کەمبکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی پەیوەندی کەسیی نێوانیان ئاساییە، بەڵام لە هەموو روویەکەوە بەراوردی بە یەکتر دەکرێن و سەرچاوەکان دەڵێن "ئەگەر یەکێکیان بەرگری نەکات، ئەوی دیکەشیان ناگەڕێتەوە". هەروەها دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ڤینیسیۆس ناڕازییە لەوەی کارگێڕیی یانەکە بە هەموو هێزییەوە لە میدیاکاندا پشتیوانی لە ئێمباپێ دەکات بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر.

ئێستا ریال مەدرید بە شەش خاڵ لەدوای بارسێلۆناوەیە لە لالیگا و یاریی کلاسیکۆ نزیکدەبێتەوە، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەلایەن مۆرینیۆوە دەبێتە پێوەری سەرەکی بۆ سەرکەوتن یان شکستی ئەم وەرزەی یانەی شاهانە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە