لامین یامال: لە ئێمباپێ شایستەترم بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر

47   خولەک پێش ئێستا  12 جار خوێنراوەتەوە

ئەستێرەی ئیسپانی و هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، لامین یامال، تۆنی قسەکردنی لەبارەی رکابەرایەتیکردنی خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵی 2026 گۆڕی، دەستی کرد بە قسەکردنی راستەوخۆ لەسەر شایستەیی خۆی بۆ بردنی خەڵاتەکە لەم ساڵەدا.

پێشتر کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ریال مەدرید، دەنگۆ و قسەوباسێکی زۆری بە لێدوانە بەهێزەکانی نایەوە کاتێک جەختی لە شایستەیی خۆی بۆ بردنی باڵۆندۆر کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە باشترین یاریزانی وەرزی رابردوو بووە، ئەم لێدوانانەش وەک هەوڵێک بۆ بانگەشەکردن بۆ چانسەکانی لە کێبڕکێی خەڵاتەکەدا پێناسە کران.

لامین یامال رایگەیاند "من و ئێمباپێ باشترین دوو یاریزانی جیهانین، بەڵام پێموایە من شایستەی بردنی باڵۆندۆرم بۆ ئەمساڵ،  هەموو ئەوانەی بینەری یارییەکانن ئەم راستییە دەزانن".

دیارە ئەستێرەکەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بڕیاری داوە بەهێزییەوە بێتە نێو کێبڕکێی بانگەشەکردن بۆ بردنی خەڵاتەکە، ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە:

هەڵمەتێکی پێچەوانە دژی کیلیان ئێمباپێ

کیلیان ئێمباپێ هەڵمەتێکی روونی بۆ رێکلامکردن بۆ بردنی باڵۆندۆر دەستپێکرد، لە رێگەی قسەکردن لەسەر دەستکەوتە تاكەکەسییەکانی و شایستەیی خۆی بۆ خەڵاتەکە.

گۆڕینی هەڵوێستی لامین یامال وەک جوڵەیەکی بەرپەرچدانەوە بەرامبەر هەڵمەتەکەی ئەستێرەی ریال مەدرید دەردەکەوێت، لە سێبەری تووندبوونی رکابەریی نێوان هەردوو یاریزانەکە و هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی چانسەکانیان لەبەردەم دەنگدەراندا.

ترس لە کاریگەریی راگەیاندنەکانی ئێمباپێ

ئێمباپێ و ریال مەدرید خاوەنی ئامادەیییەکی میدیایی گەورەن، جگه لەو هەڵمەتەی ئەستێرە فەرەنسییەکە بۆ خۆی دەستی پێکردووە، لە هەمان کاتدا سوود لە ئامادەیی بەهێزی میدیای فەرەنسی لە خەڵاتەکەدا وەردەگرێت.

ئەم بابەتە رەنگە یامال پاڵ پێوە بنێت بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی میدیایی خۆی و بەرگریکردنی زیاتر لە شایستەیی خۆی بۆ خەڵاتەکە، لە ترسی کاریگەریی هەڵمەتە میدیاییەکان لەسەر رای دەنگدەران.


کاتی راگەیاندنی فەرمیی براوەی خەڵاتی باڵۆندۆر نزیک دەبێتەوە، کە بڕیارە ئاهەنگەکە لە 26ی مانگی داهاتوو لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوە بچێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە