10ـیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت

40   خولەک پێش ئێستا  13 جار خوێنراوەتەوە

 10یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ناوچەی مەنهاتنی شاری نیویۆرک بە بەشداریی 30 فیلمی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی ناساندنی کولتوور و سینەمای کوردییە بە بینەرانی ئەمریکا و جیهان.

ئارام حەسەن، بەڕێوەبەری هاوبەشی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بە میدیاکانی راگەیاند، "ئەمساڵ هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ بەڕێوەبردنی 10یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی نیویۆرک کردووە. ئەم فێستیڤاڵە رووداوێکی سینەماییە و لە ساڵی 2017ەوە دەستمان بە کارەکان کردووە و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەردەوام هەوڵمان داوە بۆ ناساندنی سینەما و کولتووری کوردی بە بینەرانی ئەمریکا و جیهان."

ئاماژەی بەوەشکرد "بۆ خولی ئەمساڵ نزیکەی 350 فیلم بۆ بەشداریکردن پێشکەش کراون، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا 30 فیلم بۆ نمایشکردن هەڵبژێردراون. ئەم بەرهەمانە جۆرە سینەماییە جیاوازەکان دەگرنەوە وەکو فیلمی درێژ، فیلمی کورت و دۆکیۆمێنتاری."

ئارام حەسەن باسی لە بەرنامەی فێستیڤاڵەکە کرد و ئەوەی خستەڕوو، "چالاکییەکان تەنیا بە نمایشکردنی فیلم سنووردار نابن، بەڵکوو دەرفەت بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان دەرهێنەران و بینەران دروست دەکەین. هەروەها بەرنامەیەکی تایبەت بۆ سینەمای کوردی وەکو وۆرکشۆپی چیرۆکگێڕی، یادەوەری، بەرهەمهێنان و دابەشکردنی فیلمی کوردی لەخۆدەگرێت."

سەبارەت بە ئامانجی فێستیڤاڵەکەش رایگەیاند، "ئامانجی سەرەکیی ئێمە دروستکردنی پلاتفۆرمێکە بۆ ناساندنی چیرۆک و ئەزموونی کوردان لە رێگەی سینەماوە، هەروەها نزیککردنەوەی دەرهێنەرانی کورد لە بینەر و کۆمەڵگەی سینەمایی نیویۆرک."

جەختی لەوەشکردەوە، "ئەم فێستیڤاڵە لە ماوەی 10 ساڵی تەمەنی خۆیدا هەوڵی داوە سینەمای کوردی لە سنووری ناوخۆ تێپەڕێنێت و لە پایتەختێکی جیهانیی وەک نیویۆرکدا دەنگ و چیرۆکی فیلمسازانی کورد بگەیەنێتە بینەرانی نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکان."

بڕیارە خولی 10یەمینی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە 29ی ئەیلوولی 2026 لە ناوچەی مەنهاتن لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا دەست پێبکات و بۆ ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە