ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر پرسی بوودجە کۆدەبێتەوە
59 خولەک پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و تێیدا سێ بڕگەی سەرەکی پەیوەست بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، لێکەوتەکانی سەرژمێریی گشتی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ تاوتوێ دەکات.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، لە بڕگەی یەکەمدا ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 دەخرێنەڕوو. ئەم تەوەرە لەلایەن وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پێشکەش دەکرێ، تێیدا سەرجەم رێکار و ئامادەکارییەکانی هەردوو وەزارەت بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانە، پەیمانگە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرسی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کە لەلایەن وەزیری پلاندانانەوە دەخرێتەڕوو. لەم بڕگەیەدا خستنەڕوو و هەڵسەنگاندن بۆ نووسراو و بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ دەکرێ سەبارەت بە پەسندکردنی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.
هەر لە چوارچێوەی ئەم بڕگەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی کاریگەرییەکانی ئەنجامی سەرژمێرییەکە دەکات لەسەر دیاریکردنی رێژەی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق. لە بەرامبەر بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵیشدا، کۆبوونەوەکە هەڵوێست و هەنگاوە پێویستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە دیاری دەکات.
تەوەری سێیەم و کۆتایی کارنامەکە، تەرخان کراوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی بودجە. لەم بڕگەیەدا، شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دوایین کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا دەخاتەڕوو.
|