پەیامی زیدان بۆ ریال مەدریدی مۆرینیۆ

38   خولەک پێش ئێستا  4 جار خوێنراوەتەوە

زینەدین زیدانی فەرەنسی، پەیامێکی ئاراستەی یانەکەی پێشووی خۆی، ریال مەدرید کردووە، پاشئەوەی وەرزی ئەمساڵی لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەردا، بەشێوەیەکی باش دەستپێکرد.

زیدان کە پێشتر وەک راهێنەر سێ نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بردووەتەوە و وەک یاریزانیش ئەفسانەی یانەکە بووە، ئامادەی بەشێک لە پێشبڕکێی گەورەی فۆرمۆلا وەنی ئیسپانیا بووە لە مەدرید.

راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی فەرەنسا، کە چاوەڕێی ئەنجامدانی یەکەم یارییە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی، دووپاتیکردووەتەوە سەرەتای دەرچوونی ریال مەدریدی لەگەڵ مۆرینیۆ، بەدڵ بووە.

'دیڤێنسا سێنتراڵ' دەڵێ، زیدان بەکورتی باسی دۆخی ریال مەدریدی کردووە، بەڵام پشتگیرییەکی گەورەی مۆرینیۆ و کارەکەی کردووە.

زیدان گوتوویەتی، "ریال مەدرید ئاستێکی زۆر باش پێشان دەدات، وەک هەمیشە. مۆرینیۆ سەرکەوتوو بووە لە گۆڕینی دۆخی یانەکە، بۆ دۆخێکی ناوازە". ئەوەش وەک پەسندانێک بۆ کارەکانی سەرەتای مۆرینیۆ لە ریال مەدرید، پاش گەڕانەوەی بۆ مەشقدانی یانەکە.

لێدوانەکانی زیدان لە دوای سەرکەوتنی ریال مەدرید بەسەر رایۆ ڤاییکانۆ دێت بەئەنجامی 4 - 1 گۆڵ، لە کاتێکدا یانەکە لە گەڕی پێشتری لالیگادا، بەگۆڵێکی بێبەرامبەر بە ریال بێتیس دۆڕابوو.

میدیای ئیسپانیا دەڵێن، پەسندانی زیزۆ بۆ ئاستی ریال مەدرید، پاڵپشتی و پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆ تیپەکە، بەهۆی پاشخان و مێژووی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەکە و یاریزانانی ئێستای یانەکە، کە بەشێکی بەرچاویان، یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە