بەهای بازاڕیی گرانترین هەڵبژاردەی مۆندیال ملیار و نیو یۆرۆیە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

بەهای بازاڕیی یاریزانانی تۆپی پێ لە ساڵانی دواییدا گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە و بوونی یاریزانێک کە بەهاکەی لە 100 یان تەنانەت 200 ملیۆن یۆرۆ تێپەرێت چیدی شتێکی دەگمەن نییە، ئەمەش وای لە هەندێک هەڵبژاردەی نیشتمانی کردووە پێکهاتەیەک دروست بکەن کە بە گرانترین لە مێژووی یارییەکەدا دادەنرێت.

بەپێی نوێترین داتاکانی ماڵپەری ترانسفێر مارکێت، هەڵبژاردەی فەرەنسا لە پێشەنگی لیستی گرانترین هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی جیهاندایە بە بەهایەکی بازاڕی کە لە 1.5 ملیار یۆرۆ تێپەر دەکات، بەمەش پێش هەڵبژاردەکانی ئینگلتەرا، ئیسپانیا، پۆرتوگال و ئەڵمانیا کەوتووە.

ئەم واقیعە پرسیارێکی لۆژیکی دەورووژێنێت: ئەگەر ئەم هەڵبژاردانە بەباشترین یاریزانەکانیانەوە بەشداری بکەن، کامەیان دەبێتە خاوەنی گرانترین پێکهاتەی سەرەکی لە مێژووی تۆپی پێدا؟

* فەرەنسا.. بەربژێری سەرەکی بۆ شکاندنی هەموو ریکۆردەکان

هەڵبژاردەی فەرەنسا، دووەمی جیهان، تێکەڵەیەکی ناوازە لە ئەستێرەی خاوەن ئەزموون و بەهرەمەندی لاوی هەیە کە بەهای بازاڕییان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

لە پێشەنگی ئەمانەشدا کیلیان ئێمباپێ دێت، کە بەهای بازاڕییەکەی بەنزیکەی 200 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، لەگەڵ مایکل ئۆلیسێ، کە بەهاکەی نزیکەی 150 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمەش باڵادەستییەکی روون بە 'کەڵەشێرەکان' دەبەخشێت لەسەر ئاستی کۆی بەهای گشتی.

هەروەها پێکهاتەی فەرەنسا ناوی دیاری دیکەی تێدایە وەک ویلیام سالیبا، ئۆرێلین چوامینی، برادلی بارکۆلا، و وارن زایر ئیمری، کە هەموویان یاریزانی خاوەن بەهای بازاڕیی بەرزن، بەکۆی گشتی نزیکەی 1.53 ملیار یۆرۆ، فەرەنسا لەسەر تەختی ریزبەندیی جیهانی دانیشتووە و چانسێکی زۆری هەیە بۆ پێکهێنانی گرانترین پێکهاتەی سەرەکی لە مێژووی هەڵبژاردە نیشتمانییەکاندا.

* ئینگلتەرا و ئیسپانیا.. نزیکترین رکابەرەکان 

هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و ئیسپانیا نزیکترینن بۆ کێبڕکێکردنی فەرەنسا لەم ریزبەندییەدا.

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کۆمەڵێک لە گرانترین یاریزانانی جیهانی تێدایە، کە جود بێلینگهام، بوکایۆ ساکا و دێکلان رایس لە پێشەنگیانن، ئەمەش کۆی بەهای بازاڕیی تیپەکە بۆ زیاتر لە 1.3 ملیار یۆرۆ بەرز دەکاتەوە.

سەبارەت بە ئیسپانیا، لە پلەی سێیەم دێت بەهۆی نەوەیەکی لاوەوە کە وەک یەکێک لە بەهرەمەندترین نەوەکانی مێژووی نوێی تۆپی پێی ئیسپانیا سەیر دەکرێت. درەوشانەوەی سەرنجراکێشی لامین یامال، کە بەهای بازاڕییەکەی بەنزیکەی 200 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، لەگەڵ پێدری و پاو کوبارسی و ژمارەیەک بەهرەمەندی دیکە تازەپێگەیشتوو، وایکردووە بەهای 'لا رۆخا'  لە سنووری 1.2 ملیار یۆرۆ تێپەرێت.

* پۆرتوگال و ئەڵمانیا لیستی پێنجەمی گەورەکان تەواو دەکەن

هەرچەندە کەمێک لە فەرەنسا، ئینگلتەرا و ئیسپانیاوە دوورن، بەڵام پۆرتوگال و ئەڵمانیا هێشتا لە ناو بژاردەی ئەو هەڵبژاردانەی جیهاندان کە بەرزترین بەهایان هەیە.

بەهای بازاریی هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە سنووری 1 ملیار یۆرۆ تێپەر دەکات، ئەمەش بەهۆی ناوی دیاری وەک رافائیل لیاو، جواو نێڤێس، ڤیتینیا، نونۆ مێندێش و گۆنچالۆ رامۆس، کە نوێنەرایەتی نەوەی نوێ دەکەن لە دەوری ئەفسانە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە قۆناخەکانی کۆتایی کاروانی نێودەوڵەتیدا.

لە بەرامبەردا، بەهای بازاڕیی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نزیکەی 998 ملیۆن یۆرۆیە، کە پشت ئەستوورە بە ئەستێرەکانی وەک فلۆریان ڤێرتز، جەمال موسیالا و کای هاڤێرتز، لەگەڵ کۆمەڵێک بەهرەمەندی دیکەی تازەپێگەیشتوو.

* ئامارەکان چاوەڕوان دەکرێت بەرز ببنەوە

جێی سەرنجە زۆر لەم یاریزانانە هێشتا نەگەیشتوونەتە لووتکەی ئاستی خۆیان، چونکە ناوی وەک لامین یامال، وارن زایر ئیمری، پاو کوبارسی، جەمال موسیالا و جواو نێڤێس هەلی زۆریان لەپێشە بۆ زیادکردنی بەهای بازاڕییان لە ساڵانی داهاتوودا.

بەو پێیەش، لەوانەیە ریزبەندیی گرانترین هەڵبژاردە نیشتمانییەکان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر لە جارێک بگۆڕێت، و رەنگە ریکۆردەکانی ئێستا بشکێنرێن پێش ئەوەی پەردە لەسەر مۆندیالی 2026 دابدرێتەوە.

ئێستا فەرەنسا وەک خاوەن باڵادەستییەکی روون دەمێنێتەوە، بەهۆی تێکەڵە ناوازەکەی لە قوڵایی تەکنیکی، گەنجی و ئەستێرەکانی جیهان، ئەمەش دەیکاتە نزیکترین هەڵبژاردە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی گرانترین پێکهاتە لە مێژووی هەڵبژاردە نیشتمانییەکاندا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە