مۆندیال براوەی باڵۆندۆری 2026 یەکلایی دەکاتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
36 جار خوێنراوەتەوە
دوای کۆتاییهاتنی سەردەمی باڵادەستیی لیۆنێل مێسی و کریستیانو رۆناڵدۆ، ململانێی خەڵاتی باڵۆندۆر چوووەتە قۆناخێکی نوێ و بۆ یەکەمجار لە 20 ساڵی رابردوودا رکابەرییەکە بەو شێوەیە دەبێت. هاری کەین، هێرشبەری یانەی بایرن میونشن بەهۆی ئەو ئاستە سەرنجڕاکێشەی لەم وەرزەدا پێشکێشی کردووە، بەربژێری یەکەمە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، هاوکات عوسمان دێمبێلێ، براوەی ساڵی رابردوو، بە رکابەری سەرەکیی کەین دادەنرێت.
ململانێی ئەمساڵ تەنیا پەیوەست نییە بە درەوشانەوە لە خولە ناوخۆییەکانی ئەورووپا، چونکە ساڵی 2026 ساڵی مۆندیالە و لەوانەیە ئەنجامەکانی ئەو پاڵەوانێتییە، ناوی براوەی یەکلایی بکەنەوە. میدیای ئینگلتەرا ئاماژە بەوە دەکەن مۆندیال و جامی نەتەوەکانی ئەفریقا رۆڵێکی گەورەیان دەبێت لە دیاریکردنی باشترین یاریزانی جیهان.
هاری کەین بە تۆمارکردنی 65 گۆڵ و بردنەوەی بوندێسلیگا، پۆکاڵ و سوپەری ئەڵمانیا، پێشەنگی بەربژێرەکانی گرتووە. کەین دەیەوێت بەم دەستکەوتانە کۆتایی بەو رەخنە و قسانە بهێنێت کە دەگوترا نازناو ناباتەوە. لە بەرامبەردا، عوسمان دێمبێلێ دوای ئەوەی پارساڵ باڵۆندۆری بردەوە، ئەمساڵیش دوای چاکبوونەوەی لە پێکان، رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ و لیگ وەن بۆ پاریس سانجێرمان.
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا بە پلەی سێیەم دێت. ئەو یاریزانە تەمەن 18 ساڵە ئاستێکی وای پێشکێش کردووە زۆرینەی چاودێران پێیانوایە دەبێتە یەکەم یاریزانی خوار تەمەن 21 ساڵ ئەو خەڵاتە بباتەوە. هەرچەندە پێکان لە کۆتایی وەرزدا رێگری لێکرد، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە مۆندیالدا جارێکی دیکە هەمووان سەرسام بکات و هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە.
یاریزانانی ئارسیناڵ، دیکلان رایس و بۆکایۆ ساکا، هیوایەکی زۆریان هەبوو بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە، بەڵام شکستەکەیان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە بوداپێست بەرامبەر پاریس سانجێرمان، هەلەکانیانی کەمکردەوە. هەرچەندە نازناوی پرێمەرلیگیان بردەوە، بەڵام ئێستا تەنیا چاویان لەوەیە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مۆندیالدا ئەنجامێکی گەورە بەدەستبهێنن تاوەکو بگەڕێنەوە نێو کێبڕکێکە.
لیۆنێل مێسی و کریستیانو رۆناڵدۆ جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە نێو لیستەکە. مێسی دوای بردنەوەی خولی ئەمریکی لەگەڵ ئینتەرمەیامی و درەوشانەوەی لەگەڵ ئەرجەنتین، جارێکی دیکە ناوی دەهێنرێتەوە. رۆناڵدۆش دوای ئەوەی لەگەڵ نەسڕ نازناوی خولی سعودی بردەوە و 35 گۆڵی تۆمارکرد، چاوی لەوەیە لە تەمەنی 40 ساڵیدا و لە دوایین مۆندیالی خۆیدا سەرکردایەتی پۆرتۆگال بکات بۆ نازناوەکە.
رێورەسیمی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆر بڕیارە لە رۆژی 26ـی مانگی 10ـی 2026 لە لەندەن بەڕێوەبچێت، کە بۆ یەکەمجارە ئەو شارە میوانداریی ئەو بۆنە گەورەیە دەکات.
|