لە هەولێر پەیکەری 'جامی جیهانی' بە ئاڵای کوردستانەوە دروست دەکرێت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  40 جار خوێنراوەتەوە

جەمیل یوسف، پەیکەرسازێکی ناسراوی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، لە پایتەختی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی هونەریی گەورەی تەواو کرد؛ پەیکەرێکی "جامی جیهانی" بە بەرزیی نزیکەی 5 مەتر کە تێیدا ئاڵای کوردستان لە تەنیشت ئاڵای وڵاتانی جیهان نەخشێنراوە.

پەیکەرەکە کە وەک هێمایەک بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان دروستکراوە، دوای سێ مانگ لە کارکردنی بەردەوام لە شاری هەولێر کۆتاییهات. 

جەمیل یوسف، وردەکاریی پڕۆژەکەی بۆ رووداو ئاشکرا کردو وتی: "تیمێکی 25 کەسی لە ئەندازیار، شێوەکار، پەیکەرساز و تەکنیکار بۆ ماوەی 95 رۆژ شەو و رۆژ کارمان کردووە تاوەکو بەرهەمێک بخەینە روو کە کوالێتییەکەی لە ئاستی جیهانیدا بێت."

پەیکەرەکە بەرزییەکەی 4.80 مەترە و لە دروستکردنیدا کەرەستەی وەک ئاسن، دار، جەپس، کاغەزی زێڕ و مادەی ئەکریلیک بەکارهێنراون، بە جۆرێک کە لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا خۆڕاگر بێت.

سەبارەت بە نەخشاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر جامەکە، لە کاتێکدا کوردستان وەک تیم بەشداری مۆندیال نییە، جەمیل یوسف دەڵێت: "وەک کوردێک کاتێک دەبینم ئاڵای وڵاتەکەم لەنێو ئاڵاکانی جیهاندا نییە، دڵم پێی دێشێت. ویستمان پەیامێک بدەین کە کوردستان دەرگای بۆ هەمووان کراوەیەو لێرە زیاتر لە 15 نەتەوە بە ئاشتی دەژین."

بڕیارە ئەم پەیکەرە لە یەکێک لە شوێنە دیارەکانی هەولێر دابنرێت. هەروەها هونەرمەندەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە پەیکەرەکە وەک خەڵات پێشکەشی شاری زاخۆ بکرێت، وەک رێزێک بۆ جەماوەرە وەرزش دۆستەکەی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە