هەواڵێکی زۆر مەترسیدار لەسەر کیلیان ئێمباپێ

4   کاتژمێر پێش ئێستا  169 جار خوێنراوەتەوە

پێش رووبەڕووبوونەوەی بێنفیکا، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدرید زەنگی مەترسی لێدەدات و مەترسییەکی گەورە لە دەرگای یانەی شاهەنە دەدات و تەنانەت مەترسی بەشدارینەکردن لە مۆندیال هاتووەتە ئاراوە.
 
کیلیان ئێمباپێ، دیارترین کاراکتەری یانەی ریال مەدرید، لە مەشق و راهێنانەکانی رۆژی سێشەممەی یانەکەیدا هاندەران و کارگێڕیی مێرێنگی تووشی دڵەڕاوکێیەکی گەورە کرد، ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک پێش یارییە یەکلاکەرەوەکەیان بەرامبەر بێنفیکای پۆرتوگالی.
 
ریال مەدرید کە یاریی چوونی لەسەر خاکی پۆرتوگال بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردووەتەوە، ئەمشەو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی بێنفیکا دەکات لە یاریی گەڕانەوەدا، بەڵام هەواڵەکان لە مەدریدەوە دڵخۆشکەر نین.
 
پەرەسەندنێکی خراپ!
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییە نوێیەکان باس لە گۆڕانکاریی نەرێنی لە بارودۆخی ئێمباپێ دەکەن. ئازارەکانی ئەژنۆی چەپی ئەو یاریزانە نەک هەر کەم نەبوونەتەوە، بەڵکو گەیشتوونەتە ئاستێک کە گومانێکی گەورە لەسەر بەشداریکردنی لە یارییەکانی داهاتووش دروست بکەن.
 
سەرەڕای ئەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئێمباپێ ئامادەیە و یاری دەکات"، و ستایشی قوربانیدانی ئەو یاریزانەی کرد و گوتی "پێویستە رێز لەو هەوڵە بزانین کە دەیدات، ئەو دەزانێت چۆن کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکات"، بەڵام دواتر دەرکەوت کە یاریزانەکە پێکانی هەیە و ناتوانێت بەشداری لە یارییەکەی بەرامبەر بێنفیکا بکات.
 
زەنگی مەترسی.. لەدەستدانی مۆندیال؟
 
ئەو دژایەتییەی لەنێوان لێدوانی راهێنەر و هەواڵی میدیاکاندا هەیە، زەنگی مەترسیی لەنێو یانە شاهانەکە و هەڵبژاردەی فەرەنسا لێداوە. ترسی گەورە لەوەیە بەهۆی پێکانەکەیەوە، ئێمباپێ هاوینی داهاتوو لە گەورەترین کەرنەڤاڵی تۆپی پێ، کە مۆندیالە بێبەش بێت.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە زاری سەرچاوە فەرەنسییەکانەوە گواستوویەتییەوە؛ ئەگەری هەیە پێکانەکەی ئێمباپێ لەوە مەترسیدارتر بێت کە یانەکە باسی دەکات. باس لەوە دەکرێت کارگێڕیی ریال مەدرید داوای لە یاریزانەکە کردووە لە ماوەی پشووی نێودەوڵەتیی داهاتوودا لە 23 بۆ 30ـی ئادار پشوو بدات، بەڵام جەختیان کردووەتەوە کە ئەو دەبێت لەو گەشتەدا ئامادە بێت، جا چ یاری بکات یان نا.
 
ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ ئایا ئەربێلوا و کارگێڕیی یانەکە ئامادەن سەرکێشی بە داهاتووی ئێمباپێوە بکەن؟ لە کاتێکدا راپۆرتەکان دەڵێن مەترسییەکە جددییە و بڕیاری کۆتایی هەر لە دەستی خودی یاریزانەکەدایە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە