رووگەی رۆناڵدۆ دوای رۆیشتن لە سعودییە ئاشکرابوو

1     کاتژمێر پێش ئێستا  27 جار خوێنراوەتەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال هەڕەشەی جێهێشتنی ریزەکانی یانەی نەسڕی سعودی دەکات؛ ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەبن و رۆژنامەڤانێکی بەنێوبانگ و بڕواپێکراوی پۆرتوگالی ئاشکرای دەکات کە دۆن روو لە خولی ئەمریکی دەکات ئەگەر کێشەکانی لەگەڵ سعودییەکان چارەسەر نەبن.
 
دوارتی مۆنتێرۆ، رۆژنامەوانی ناوداری پۆرتوگالی، پەردە لەسەر قەیرانێکی نوێی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕی سعودی لادەبات و ئاشکرای دەکات کە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەهۆی بڕیارەکانی سندوقی وەبەرهێنانی سعودییەوە بێزار و تووڕەیە، بەڵام لە هەڵوێستی بەرپرسانی یانەی نەسڕیش تووڕەیە و دەڵێت "بنزیما ئاگریی ناکۆکی لە نێوان رۆناڵدۆ و نەسڕ هەڵکردەوە".
 
بەپێی زانیارییەکانی مۆنتێرۆ، رۆناڵدۆ بەهۆی گواستنەوەی کەریم بنزیمای فەرەنسی لە یانەی ئیتیحادەوە بۆ یانەی هیلال 'رکابەری سەرسەختی نەسڕ' لە مێرکاتۆی زستانەدا، تووشی شۆک و تووڕەییەکی زۆر بووە. ئەم ئاڵۆزییانە وایانکردووە رۆناڵدۆ لە دوو یاریی رابردووی نەسڕ بەرامبەر یانەکانی ریاز و ئیتیحاد دووربکەوێتەوە.
 
مەرجەکانی رۆناڵدۆ بۆ مانەوە
 
مۆنتێرۆ لە لێدوانێکیدا رایگەیاند "رۆناڵدۆ نیگەرانە لە کەمبوونەوەی وەبەرهێنان لە یانەی نەسڕ و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرانی یانەکە. ئەو دەیەوێت پێش دەستپێکردنی مۆندیال بەشێوەیەکی بەردەوام و لە تیپێکی بەهێزدا یاری بکات".
 
ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت "ئەگەر بەرپرسانی وەرزشیی سعودیە نەگەنە چارەسەرێکی ناوەند، ئەوا رۆناڵدۆ بژاردەی خولی ئەمریکی MLS  هەڵدەبژێرێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا لە پێشینەی کارەکانیدا مانەوەیە لە سعودییە".
 
هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەوانی دیکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە رۆناڵدۆ یانەی نەسڕی خۆشدەوێت، بەڵام گومان و تێبینی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی یانەکان لەلایەن سندوقی وەبەرهێنانی سعودییەوە هەیە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "رۆناڵدۆ دەبینێت یانەکەی لە مانگی یەکدا هیچ یاریزانێکی نوێی بۆ نەکڕدراوە، لە بەرامبەردا رکابەرە سەرەکییەکەیان کە هیلالە، باشترین یاریزانی یانەیەکی دیکەی سندوقەکەی پێدراوە کە ئەویش کەریم بنزیمایە".
 
کودەتا لە هاویندا؟
 
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە رۆناڵدۆ، بەرپرسانی باڵای خولی رۆشنی ئاگادار کردووەتەوە کە بەجددی بیر لە جێهێشتنی سعودیە دەکاتەوە لە هاوینی داهاتوودا. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی راپۆرتەکانی تۆڕی CBS، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی رۆناڵدۆ بڕی 50 ملیۆن یۆرۆیە.
 
ئایا لە هاوینی داهاتوودا بینەری جێهێشتنی گەورەترین ئەستێرەی خولی سعودی دەبین، یان کارگێڕیی یانەی نەسڕ دەتوانێت دۆن ئاشت بکاتەوە؟!.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە