لامین یامال لە لیستی کاندیدانی گۆڵدن بۆی دوورخرایەوە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
55 جار خوێنراوەتەوە
رۆژنامەی تۆتۆسپۆرتی ئیتاڵی ناوی کاندیدانی خەڵاتی گۆڵدن بۆی، بۆ باشترین یاریزانی لاوی ساڵ راگەیاند، لیستەکە ناوی لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنای تێدا نییە کە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش، خەڵاتی فرانس فوتبۆڵی بۆ باشترین یاریزانی لاو بەدەستهێنا.
لیستی رۆژنامەکە کە 25 یاریزان پێکهاتووە، هەریەکە لە پاو کوبارسی و دین هاوسنی بەرگریکەرانی لاوی یانەکانی بارسێلۆنا و ریال مەدریدی تێدایە، جیا لە ئاردا گولەر و فرانکۆ ماستانتونۆ، لەکاتێکدا ناوی لامین یامال لە لیستەکەدا نییە.
گۆڵدن بۆی ساڵانە دەدرێتە باشترین یاریزانی خوار تەمەنی 21 ساڵ لە ئەورووپا.
ئەگەرچی رۆژنامەکە روونکردنەوەی لەبارەی هۆکاری دوورخستنەوەی لامین یامال لە لیستی کاندیدان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەپێی یاساکانی دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانی لاوی ئەورووپا، هیچ یاریزانێک دووساڵی لەسەریەک خەڵاتەکەی نادرێتێ و لەبەرئەوەی ساڵی رابردوو لامین براوەی خەڵاتەکە بوو، ئەمساڵ جارێکی دیکە بەربژێر نابێتەوە بۆ هەمان خەڵات.
کاندیدی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەمساڵی گۆڵدن بۆی، دیزیری دوێی، ئەستێرەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسیە، پاشئەوەی رۆڵی گرنگی هەبوو لە بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لەلایەن یانە فەرەنسییەکە.
بەپێی لیستە 25 کەسییەکەی کاندیدان بۆ بەدەستهێنای گۆڵدن بۆی ئەمساڵ، یاریزانە لاوەکانی پرێمەرلیگ زۆرترین بەربژێریان هەیە بە 9 یاریزان، لە کاتێکدا لالیگا 4 بەربژێری هەن کە سێ یاریزانی ریال مەدرید و یاریزانێکی بارسێلۆنا لەخۆ دەگرێت.
هەریەکە لە فەرەنسا و ئینگلتەرا لە رووی نەتەوەوە پێشەنگی لیستی کاندیدانی ئەمساڵن، هەر وڵاتێکیان 5 یاریزانی لە لیستەکەدا هەیە. ئیتاڵیا، ئیسپانیا، تورکیا و پۆرتوگالیش هەریەکەیان 2 یاریزانیان لە لیستەکەدایە.
براوەی خەڵاتەکە ناوەڕاستی مانگی 11رادەگەیەنرێت، دوای ئەوەی 50 رۆژنامەنووسی وەرزشیی ئەورووپا دەنگەکانیان دەدەن.
رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرت ئەمساڵ لیستی یاریزانە بەربژێرەکانی لە 20 کەسەوە بۆ 25 یاریزان زیادکردووە و لە رێگەی سیستمی وایڵد کارتەوە پێنج یاریزانی نوێی بۆ لیستی بەربژێرەکان زیادکردووە. رۆژنامەکە دەڵێ ئەو هەنگاوە لەپێناو دادپەروەریی زیاترە لە هەلدان بەیاریزانە لاوەکان، بۆ بردنەوەی خەڵاتی گۆڵدن بۆی.
لیستی تەواوی 25 یاریزانەکە:
پاو کوبارسی – بارسێلۆنا
دیزیری دوێی – پاریس سانجێرمان
دین هاوسن – ریال مەدرید
کینان یڵدز – یوڤێنتوس
مایلز لویس-سکێلی – ئارسێناڵ
وەران زایر-ئێمێری – پاریس سانجێرمان
ئاردا گولەر – ریال مەدرید
فرانکۆ ماستانتونۆ – ریال مەدرید
ئیسان نوانێری – ئارسیناڵ
جۆرێل هاتۆ – چێڵسی
جیۆڤانی کوێندا – سپۆرتینگ لیسبۆن
ئیستێڤاو – چێڵسی
لێنی یۆرۆ – مانچێستەر یونایتد
سێنی ماییولۆ – پاریس سانجێرمان
نیکۆ ئۆرایلی – مانچێستەر سیتی
ئێلیسی بێن سێگیر – بایەرلیڤەرکوزن
ڤیکتۆر فرۆهۆڵت – پۆرتۆ
لوکاس بێرگڤال – تۆتێنهام
ئارچی گرەی – تۆتێنهام
مامادۆ سار – راسینگ ستراسبۆرگ
جۆب بێڵینگهام – بۆرووسیا دۆرتمۆند
فرانچێسکۆ پیۆ ئیسپۆزیتۆ – ئینتەرمیلان
رۆدریگۆ مۆرا – پۆرتۆ
جیۆڤانی لیۆنی – لیڤەرپوول
ئەلێکساندەر ستانکۆڤیچ – کلەب بروج
|