یانەیەک گفتوگۆکانی لەگەڵ مێسی دەستپێکرد

7   کاتژمێر پێش ئێستا  25 جار خوێنراوەتەوە

گرێبەستی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی کەمتر لە شەش مانگی ماوە و یاریزانێکە لە ئێستاوە دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە دەیەوێت، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانیش دەڵێن، یانەیەک بە فەرمی هەنگاوەکانی گواستنەوەی یاریزانەکەی دەستپێکرد.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی سعودیە، ئەمریکا و فەرەنسا، یانەی ئەهلی سعودی بەفەرمی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی دەستپێکردووە و دەیەوێت ئەو ئەفسانەیە بباتە ریزەکانی.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "یانەی ئەهلی ماوەیەکی زۆرە چاوی لە تواناکانی لیۆنێل مێسییە و دەیەوێت بەفەرمی ئەو یاریزانە لە دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەرمەیامی بباتە ریزەکانی."
 
سەرچاوەکە دەڵێت "بەرپرسانی خولی سعودیە گەشبینن بەوەی دەتوانن ئەمجارە مێسی ببەنە خولەکە، دوای ئەوەی لە هاوینی 2023 شکستیانهێنا لە گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ یانەی هیلال.
 
سعودیە دوو ئامانجی هەیە لە گواستنەوەی لیۆنێل مێسی، یەکەمیان بۆ ئەوەی ئاستی خولەکە زیاتر بەرزبکاتەوە و چاوی جیهان بۆ خولەکە رابکێشێت، دووەمیان بۆ ئەوەی یاریزانەکە ببێتە پاڵنەرێکی سەرەکی وڵاتەکە لە میوانداریکردنی مۆندیالی 2034.
 
پێشتر سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو، خۆرخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە رازیبووە لیۆ رووبکاتە سعودیە و دەکرێت ئەمجارە گرێبەستەکە بکرێت.
 
هەرچەند ماوەیەکی زۆرە ناوی مێسی بە هیلالەوە بەستراوەتەوە، بەڵام هاندەرانی یانەی ئەهلی دوای بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا بە لێشاو داوای گواستنەوەی لیۆ دەکەن و دەڵێن، مافی خۆمانە داوای مێسی بکەن، لەکاتێکدا پێشتر هیلال گرێبەستی لەگەڵ نەیمار کرد، نەسڕ رۆناڵدۆی هەیە و ئیتیحادیش بنزیما.
 
گرێبەستی مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی لە کۆتایی ئەمساڵ کۆتاییدێت، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە نەنراوە، رۆیشتنی یاریزانەکە ئەگەرێکی کراوەیە، لەکاتێکدا خولی ئەمریکا دەوەستێت و مێسی پێویستی بە یاریکردن دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بۆ مۆندیالی 2026 ئامادەبکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە