داواکارییەکی بەپەلە لە رۆناڵدۆوە بۆ یانەی نەسڕ
5 کاتژمێر پێش ئێستا
14 جار خوێنراوەتەوە
کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە، لە گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا و پێش یانەی ئارسیناڵ، ئەستێرەیەکی یانەی ریال مەدرید بگوازنەوە.
وا دیارە یانەی ئارسیناڵ ئامادەیە گابرێل مارتینێلی بە یانەی نەسڕ بفرۆشێت، کە بۆ ئەو یاریزانە گرێبەستێکی بە بەهای 85 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش کردووە، ئەمەش لەپێناو دابینکردنی پارەی پێویست بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆی بەرازیلی لە یانەی ریال مەدرید، کە یانە شاهانەکە داوای نزیکەی 82 ملیۆن یۆرۆی لە بەرامبەردا دەکات.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای لە یانەی نەسڕ کردووە واز لە بیرۆکەی گواستنەوەی مارتینێلی بهێنن و بە تەواوی سەرنجیان لەسەر گواستنەوەی رۆدریگۆ بێت.
دۆن جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هێرشبەرە 24 ساڵانەکەی ریال مەدرید پشتگیرییەکی باشتر و بەهێزتر دەبێت بۆ یانەکەیان.
رۆناڵدۆ بەم دواییانە گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسر بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە نوێکردەوە و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت نازناوەکان بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەش داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ وەرزی نوێ ئامادەبکەن.
شەوی هەینی یەکەم مەرجی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی جێبەجێکرا و یانەی نەسڕ بەشێوەی خواستن دەستبەرداری جۆن دوران، هێرشبەری کۆڵمبیی یانەکەی بوو و ئەو یاریزانە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی فێنارباخچەی تورکییەوە کرد.
نەسڕ وەرزی 2024-2025 هیچ نازناوێک نەبردەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ چاوی لە بەدەستهێنانی نازناوە لەگەڵ یانەکە و لە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی گوتی "دەمەوێت لەگەڵ نەسڕ نازناوی خولی سعودی ببەمەوە و لەو بڕوایەدام دەتوانین ئەوە بکەین."
بڵاوبوونەوەی هەواڵی داواکاریی رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕ بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆ لەکاتێکدا، چەند کاژێری رابردوو دەنگۆی ئەوەش بڵاوکرایەوە کە یانەی پاریس سانجێرمانیش پرسیاری ئەگەری رۆیشتنی ئەو یاریزانە بەرازیلییەی کردووە.
|