هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی مێسییەوە

8   کاتژمێر پێش ئێستا  23 جار خوێنراوەتەوە

یانەی هیلالی سعودی، خۆی بۆ مێرکاتۆیەکی ئاگرین و چاوەڕواننەکراو ئامادەدەکات و جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی دەستپێدەکاتەوە.
 
دوای ئەوەی لە وەرزی رابردوودا نازناوی خولی سعودیەی لەدەستدا و لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا نەیتوانی رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات، یانەی هیلال گۆڕانکارییەکانی بۆ وەرزی داهاتوو دەستپێکردووە و لە دەستپێکی گۆڕانکارییەکانیشدا گرێبەستی لەگەڵ سیمۆنی ئینزاگی واژۆکرد، بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی یانەکە بکات و ئێستا بۆ مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکان.
 
میدیای سعودیە بڵاویکردبووەوە، یانەی هیلال جارێکی دیکە ناوی مێسیی لەنێو لیستی یاریزانە داواکارەکانی خۆیدا داناوە و ئەمجارە بەهێزتر لە هاوینی ساڵی 2023 هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەدات.
 
بەپێی نوێترین پێشهاتەکانی تایبەت بە هەوڵەکانی یانەی هیلال بۆ رازیکردنی مێسی، بەرپرسانی یانەی هیلال کاردەکەن بۆ ئەوەی لە ئەمریکا کۆبوونەوەیەک بۆ فەهد نافل، سەرۆکی یانەکە و خۆرخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە رێکبخەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە و رووبەڕوو گفتوگۆ لەبارەی دەستەوارەی یانە سعودییەکە و مەرجەکانی پۆلگا بکەن.
 
چەند سەرچاوەیەک دەڵێن، خۆرخی مێسی بە تیمی دانوستاندکاری یانەی هیلالی راگەیاندووە، کوڕەکەی رازی دەبێت بچێتە سعودیە، بەمەرجێک دەستەوارەیەک هەبێت لەگەڵ پێوەر و مەرجەکانی ئەو یەکبگرێتەوە و لە رووی وەرزشی و خێزانییەوە خزمەت بە یاریزانەکە بکات، تیمی یانەی هیلالیش ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان پێشانداوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە ئامادەیە لە ساڵێکدا 50 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچە بداتە لیۆنێل مێسی و ئەو یاریزانە ئازادبکات لە هەڵبژاردنی یانەیەک لە سعودیە، یانەی هیلال و ئەهلی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە دەکەن و لە ئەگەری چوونی لیۆ بۆ خولەکە، بە ئەگەری زۆرەوە یاری بۆ یانەی هیلال دەکات.
 
هەوڵەکانی یانەی هیلال بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی لەکاتێکدایە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی لە کۆتایی ئەمساڵ کۆتاییدێت، بەڵام یاریزانەکە دەتوانێت بێبەرامبەر و لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات.
 
پێشتر لە هاوینی 2023 یانەی هیلال زۆر هەوڵیدا مێسی بباتە ریزەکانی، بەڵام یاریزانەکە بە دەستەوارەی یانەکە رازی نەبوو و پەیوەندیی بە خولی ئەمریکاوە کرد.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە