بۆچی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە و چۆن خۆمان بپارێزین؟
8 کاتژمێر پێش ئێستا
44 جار خوێنراوەتەوە
سائر سەبری، بەڕێوەبەری هۆبەی پەتازانی لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری سەربە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق باسی نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەکات و دەڵیت ژمارەی تووشبوو بە نەخۆشیی تای خوێبەربوون لەمساڵدا کەمیکردووە و 187 حاڵەتی نەخۆشییەکە و 26 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون
رێگەکانی گواستنەوە بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی بریتین لە:
- لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
بۆچی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە؟
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولە تەنکەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات، هەر ڤایرۆسەکە ئاستەنگ لەبەردەم خوێنمەیاندن دروستدەکات، لەئەنجامدا خوێنبەربوونی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات.
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
تا
شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی
سەرسووڕان
ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان
هێڵنج و رشانەوە
سکچوون
ئەو نیشانانەی کە مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکەن:
خوێنبەربوونی ژێر پێست یاخود ئۆرگانە ناوخۆییەکان یاخود لە دەم، گوێ و چاو.
لەکارکەوتنی سیستەمی دەمار
کۆما
سستبوونی گورچیلە
ناکارابوونی کۆئەندامی هەناسەدان
ناکارابوونی جگەر
چۆن خۆمان لە تای خوێنبەربوون بپارێزین؟
رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون پڕ ئاڵنگارییە، بەتایبەتی لەکاتێکدا هیچ پێکوتەیەک نییە ڤایرۆسەکە کۆتایی پێبێنێت، بەڵام چەندین رێگە هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون، بۆ نموونە شوێنی کارکردن.
نابێت رێگەبدرێت ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ جووڵەی مێشوولە. لەکاتی گەشت و گەڕان بە نێو هەرناوچەیەک کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت، پێویستە پۆشاکی پێویست لەبەر بکرێت کە دەست و قاچ و رووخسار داپۆشێت. لەکاتی سەربڕینی هەر ئاژەڵێک پێویستە پۆشاک و دەستکێش بەکاربهێنرێت و دوای تەواوبوونی کارەکە، خۆمان و شوێنەکە بشۆین.
رێگەکانی خۆپارێزی لە چەند خاڵێکدا
- پۆشینی پۆشاک و دەستکێش لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت
- رشاندنی ژینگەی کارکردن
- دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی
- دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش
|