کاتبەسەربردن لەگەڵ ئەسپ و گوێدرێژ چی لە دەروونی مرۆڤ دەکات؟

54   خولەک پێش ئێستا  15 جار خوێنراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا دەریخستووە، بەسەربردنی تەنیا سێ خولەک لەگەڵ ئەسپ و گوێدرێژی بچووک باری دەروونیی نەوجەوانان باشتر دەکات و هەستی هێمنی و ئارامییان پێدەبەخشێت.

پڕۆفیسۆر د. رێبێکا کالیسی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "کاتبەسەربردن لەگەڵ ئاژەڵەکان دەتوانێت وا لە مرۆڤ بکات هەست بە ئارامیی زیاتر و تەنیایی و دڵەڕاوکێی کەمتر بکات".

توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە شیکارییان بۆ کارلێکی نێوان 61 هەرزەکار و کۆمەڵێک ئەسپ و گوێدرێژی بچووک کرد، هەموو هەرزەکاران باسیان لە زیادبوونی ئارامی و کەمبوونەوەی ئاستی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و تەنیایی کرد.

بەگشتیی  کاتبەسەربردن لەگەڵ ئاژەڵەکان ئەم کاریگەرییە دەروونییانە دروست دەکات:

کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ: لێرسینەوە یان یاریکردن لەگەڵ ئاژەڵدا دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی هۆرمۆنی کورتیزۆل (کە هۆرمۆنی سترێسە) و لە بەرامبەردا بەرزبوونەوەی هۆرمۆنەکانی ئۆکسی توسین و دۆپامین کە هەستی ئارامی و دڵخۆشی زیاد دەکەن.

کەمکردنەوەی هەستی تەنهایی: ئاژەڵەکان هاوڕێیەکی هەمیشەیین، ئەمەش بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی بە تنهایی دەژین یان بەساڵاچوون، هەستی نامۆبوون و تەنهایی کەم دەکاتەوە.

بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوون: بەخێوکردن و گرنگیدان بە بوونەوەرێکی تر هەستی بەرپرسیارێتی و بەهای کەسی (Self-worth) لای مرۆڤ بەهێز دەکات، چونکە مرۆڤ هەست دەکات پێویستە و کەسێک پشتی پێ دەبەستێت.

یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی خەمۆکی: بوونی ئاژەڵ وادەکات مرۆڤ ناچار بێت ڕۆژانە بجووڵێت، بچێتە دەرەوە و تێکەڵ بێت، کە ئەمانە هەموویان کۆڵەکەی گرنگن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی.

باشترکردنی باری دەروونی منداڵان: ئەو منداڵانەی لەگەڵ ئاژەڵەکاندا گەورە دەبن، زیاتر سۆزدارن، توانای تێگەیشتنیان بۆ هەستی دەوروبەر بەرزترە و کەمتر تووشی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەبن.

تێبینی: سەڕای سوودە دەروونییە زۆرەکان، بەخێوکردنی ئاژەڵ پێویستی بە بەرپرسیارێتی و تەرخانکردنی کات و بودجە هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بۆیە گرنگە پێش کڕین یان بەخێوکردنیان ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە