مانەوەی زۆر لەبەردەم شاشەکان لاسەرئێشە و پەرکەم تووندتر دەکات

47   خولەک پێش ئێستا  44 جار خوێنراوەتەوە

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار رایدەگەیێنێت، ئەو کەسانەی نەخۆشیی لاسەرئێشە یان نەخۆشیی فێیان هەیە، پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی زۆر و درێژخایەنی مۆبایل یان شاشەکان، بەتایبەتی لەکۆتایی شەوەکاندا.

د. یاسر زێباری، پسپۆڕی مێشک و دەمار رایگەیاندووە، بەرکەوتن بە شاشە دەبێتە هۆی کەمخەوی، فشاری سەر چاو، فشاری دەروونی و ماندووبوون، ئەمەش رەنگە هۆکاربێت بۆ دروستکردن یان تووندترکردنی نیشانەکانی لاسەرئێشە و کەسانی تووشبووی بە نەخۆشیی فێ، لە رێگەی تێکدانی خەوەوە لەوانەیە مەترسیی تووشبوون بە گەشکە زیاد بکات.

د. یاسر زێباری جەخت لەوە دەکاتەوە، شاشەکان بۆ ماوەی کورتتر بەکاربهێنن، پشووی بەردەوام وەربگرن، رووناکیی کەم بکەنەوە و پێش خەوتن لە شاشەکان دوور بکەونەوە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە خەوی رێک و پێویست بپارێزن، چونکە خەوی باش بەشێکی گرنگە بۆ رێگریکردن لە هەردوو هێرشی لاسەرئێشە و فێ.

لە وڵاتی چین توێژینەوەیەک دەریدەخات، ئەو رووناکییەی دەگاتە تۆڕی چاو، نیشانە بۆ سیستمی سووڕی بایۆلۆژی مێشک دەنێرێت و دەتوانێت رێگری لە دروستبوونی مێلاتۆنین بکات. ( مێلاتۆنین ئەو هۆڕمۆنەیە یارمەتی رێکخستنی سووڕی خەو دەدات).

پڕۆفیسۆر د. کێهو یانگ، لە زانکۆی لانژۆ لەچین، شیکاری بۆ  نزیکەی 548 هەزار بەشداربوو کردووە، دەرکەوتووە بەرکەوتنی زیاتر بە شاشە پەیوەندی بە کورتبوونەوەی ماوەی خەو، دواکەوتنی کاتی خەوتن و زیادبوونی کێشەکانی خەوەوە هەیە. هەر کاتژمێرێکی زیادەی بەکارهێنانی شاشە لە رۆژێکدا بە نزیکەی 3 بۆ 5 خولەک کەمتر خەوتنەوە خەمڵێنراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە