گەشبینی چی لە مرۆڤ دەکات و کاریگەریی چییە؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  27 جار خوێنراوەتەوە

کۆمەڵێک توێژینەوەی زانستیی نوێ ئاشکرایان کردووە، رەنگە گەشبینی تەنیا دۆخێکی دەروونیی ئەرێنی نەبێت، بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندیی بە زیادبوونی دەرفەتەکانی ژیانی درێژترەوە هەیە، تەنانەت گەیشتن بە تەمەنێکی نائاسایی کە 85 ساڵ تێپەڕێنێت، لەگەڵ باشتربوونی تەندروستیی جەستەیی و دەروونی لەگەڵ چوونە تەمەنەوە.

هێشتنەوەی روانینێکی گەشبینانە بۆ ژیان پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی ئاستەکانی گوشاری دەروونی، باشتربوونی تەندروستیی گشتی و زیادبوونی دەرفەتەکانی تەمەنێکی درێژترەوە هەیە.

جولانتا بێرک، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی دەڵێت: ئەگەری گەیشتنی کەسانی گەشبین بە تەمەنێکی پێشکەوتوو زیاترە بە بەراورد بە کەسانی دیکە و جەختی لەوە کردەوە، کەمبوونەوەی سترێس و روانینی ئەرێنی بۆ ژیان پەیوەندییەکی نزیکیان بە تەمەندرێژییەوە هەیە.

گەشبینی 10 ساڵ لەسەر تەمەن زیاد دەکات

یەکێک لە دیارترین ئەو توێژینەوانە، ئەوە بوو کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا لەسەر کۆمەڵێک راهیبەی تازەکار دەستیپێکرد، کە لە گەنجیدا داوایان لێکرابوو چیرۆکی ژیانیان بنووسن.

دوای نزیکەی 60 ساڵ، توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەو راهیبانەی کە لە یاداشتەکانیاندا زمانی ئەرێنی زیاتریان بەکارهێنابوو، بە تێکڕا نزیکەی 10 ساڵ زیاتر ژیاون بە بەراورد بەوانەی نووسینەکانیان کەمتر گەشبینانە بوو.

گەشبینی وادەکات سەروو 85 ساڵ بژیت

توێژینەوەیەکی دیکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کەسانی گەشبینتر دەرفەتیان بە رێژەی 15٪ زیاتر بووە بۆ ئەوەی سەروو 85 ساڵ بژین.

توێژەران پێیان وایە گەشبینی کۆمەڵێک هۆکاری تەندروستیی بەهێز دەکات، وەکو هەستکردن بە دڵخۆشی، بوونی ئامانج لە ژیاندا و بوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەکان، کە هەموویان ئەو هۆکارانەن کە پەیوەندییان بە کەمبوونەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە هەیە.

70٪ـی گەشبینی پشت بە لایەنە جەستەییەکانی تاکەوە دەبەستێت

هەندێک لە زانایان پێیان وایە گەیشتن بە تەمەنی نەوەت ساڵی بە رێژەی نزیکەی 30٪ پشت بە هۆکارە بۆماوەییەکان دەبەستێت، بەرامبەر 70٪ کە پشت بە رەفتارە تەندروستەکان دەبەستێت وەکو سیستمی خۆراکی، چالاکیی جەستەیی و باری دەروونی.

توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە گەشبینی بە تەنیا گەرەنتیی گەیشتن بە تەمەنێکی درێژ ناکات، بەڵام وادەردەکەوێت یەکێک بێت لەو هۆکارانەی کە مرۆڤ دەتوانێت پەرەی پێبدات، شانبەشانی چالاکیی جەستەیی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بوونی ئامانج لە ژیاندا، کە دەرفەتەکانی ژیانێکی درێژتر و تەندروستتر زیاد دەکات.

شکار ڕێبوار


   ئەمانەش بخوێنەرەوە