14 ملیار دیناری دیکە لە دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی دۆزرایەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
37 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، دەست بەسەر 14 ملیار دیناری دیکەدا گیراوە لە دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت، کە پارەکە لەناو چاڵێکی ئاوەڕۆدا شاردرابووەوە.
لە راگەیێنراوێکیدا دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رایگەیاند، لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، کە ئێستا دەستگیرکراوە، توانراوە دەست بەسەر 14 ملیار دیناری دیکەدا بگیرێت.
بەگوێرەی وتەی دادوەری بەرەنگاربوونەوەی دژە گەندەڵی، ئەم بڕە پارەیە لە ئەنجامی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەو پڕۆژانەدا بەدەستهاتووە، کە لەلایەن تۆمەتبار و ئەو لایەنانەی تێوەگلاون جێبەجێکراون.
پارەکە بە شێوەیەکی نهێنی لەناو چاڵێکی تایبەت بە کۆکردنەوەی (ئاوەڕۆ)دا شاردرابووەوە.
دادگەی لێکۆڵینەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی هەموو ئەو کەسانەی لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون و وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی کە لە سامانی گشتی براون.
رۆژی دووشەممە، 6ی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری دەستگرتن بەسەر ئەو پارەیەی بڵاوکردەوە، کە لە دۆسیەی گەندەڵییەکەی عەدنان جومەیلیدا بووە.
تێکڕای ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار، ئەوە جگە لە مۆڵ و ئۆتۆمبێل و زێڕی دیکە کە دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە 30ی ئایار، عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. زۆرینەی ئەو تۆمەتی گەندەڵیانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە گرێبەستەکانی کەرتی پاڵاوگە حکومی و تایبەتەکان.
لە دوای دەستگیرکردنی، عەدنان جومەیلی ناوی 128 کەسی درکاندووە، کە گوایە لە دۆسیەکەیدا بەشدار بوون، بە دوایدا ژمارەیەک پەرلەمانتار و پارێزگارێکی پێشووتری سەلاحەدین دەستگیرکران.
|