چۆن خۆمان لە هەستیاریی وەرزی بپارێزین؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
لە ئێستادا بەرەو وەرزی بەهار دەڕۆین و حاڵەتەکانی تووشبوون بە هەستیاری ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، لێرەدا چەند خاڵێکی گرنگ دەخەینە ڕوو بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە هەستیاری لە وەرزی بەهاردا.
بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەستیاریی وەرزی ببیتەوە، شارەزایانی مایۆ کلینیک ڕێنمایی ئەوەمان دەکەن پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا بەرکەوتنت لەگەڵ هۆکارەکانی هەستیاری وەک دەنکە هەڵاڵەی گوڵ و دارەکان کەم بکەیتەوە.
باشترین کات بۆ چوونە دەرەوە دوای بارانێکی باشە، چونکە باران هەوا لە تۆز و هەڵاڵە پاک دەکاتەوە، هەروەها پێویستە لەو ڕۆژانەی با و وشکانییە لە ماڵەوە بمێنیتەوە.
کاتێک لە دەرەوە دەگەڕێیتەوە، گۆڕینی جلوبەرگ و گەرماوکردن زۆر گرنگە بۆ لێکردنەوەی ئەو ماددە هەستیارانەی بە قژ و پێستەوەن.
هەروەها لە ناو ماڵدا بەکارهێنانی ئامێری فێنککەرەوە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ هێشتنەوەی ژینگەیەکی تەندروست.
ئەگەر نیشانەکانی وەک پژمین و گیرانی لووت بەردەوام بوون، دەتوانیت پەنا ببەیتە بەر دەرمانە دژە هەستیارییەکان یان شۆردنی ناو لووت بە گیراوەی ئاو و خوێی پزیشکی کە ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ پاککردنەوەی کۆئەندامی هەناسە.
لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەم ڕێگایانە سوودیان نەبوو، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ورد و وەرگرتنی چارەسەری تایبەت وەک دەرزی هەستیاری بۆ ئەوەی کۆئەندامی بەرگریت لەگەڵ ژینگەکە ڕابێت.
|