لە کەلار شوێنەوارێکی 1700 ساڵ پێش ئێستا دەدۆزرێتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
لە شاری کەلار شوێنەوارێکی مێژوویی گرنگ کە مێژووەکەی بۆ 1700 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە دۆزرایەوە و بڕیار درا بپارێزرێت و بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری بۆ سەردانیکەران.
ئەم شوێنەوارە دۆزراوەیە بریتییە لە بەشێک لە دەروازەی جۆگەی گاوری کە سێبەری مێژوویەکی دێرینی پێوەدیارە. جۆگەکە لە سەردەمی ساسانییەکاندا دروست کراوە و جۆگەیەکی درێژی ئاودێری بووە کە لە چەندین گونددا تێپەڕیوە تاوەکو گەیشتووەتە گوندی باناسیاو لە باشووری شاری کەلار.
ئێستا بەشێک لەم جۆگەیە لە ناو زەویی پرۆژەیەکی نیشتەجێبووندا دۆزراوەتەوە، کە چەندین هێما و ئاماژەی مێژوویی گرنگی لەسەر نەخشێنراوە.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان بەردەوامن لە کنە و پشکنینەکانیان لە شوێنەکەدا تاوەکو وردەکاری و پارچەی مێژوویی زیاتر بدۆزنەوە.
محەممەد عەلی، شوێنەوارناس لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان، ڕایگەیاند، ئەو کۆمپانیایەی پرۆژە نیشتەجێبوونەکە جێبەجێ دەکات، بڕیاری داوە شوێنەوارەکە لە ناو پرۆژەکەدا بپارێزێت و بیگۆڕێت بۆ شوێنێکی گەشتیاری تاوەکو هاووڵاتیان و گەشتیاران سەردانی بکەن.
|