مەسرور بارزانی فەرمانێکی لەبارەی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە دەرکرد

45   خولەک پێش ئێستا  11 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و سەرۆکی حکومەت راسپاردەیەکی بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لە بودجەی ساڵی 2027ی فیدراڵی دەرکرد.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکی حکومیدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی باڵای دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی کار بکەن لەپێناو جێگیرکردنی خەرجییەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵیدا.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە (12,649) و لە رێککەوتی 6ی تشرینی یەکەمی 2026، جەخت لەوە کراوەتەوە، هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری دەکات لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان، کە خەرجییەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، پێویستە لە دانوستاندنەکانی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027دا، کار بکرێت بۆ دابینکردنی مووچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە (لەوانەش پرۆژەکان، راهێنان و پڕچەککردن) بە پێوەری یەکسان، وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵیدا.

لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "جەخت کراوەتەوە لەسەر هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، بە مەبەستی داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە قۆناخەکانی ئامادەکردن و پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2027دا."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە