تابلۆیەکی فریدا کالۆ بە زیاتر لە 54 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

2   کاتژمێر پێش ئێستا  24 جار خوێنراوەتەوە

تابلۆیەکی ساڵی 1940ـی فریدا کالۆ، هونەرمەندی ناسراوی مەکسیکی، لە زیادکردنێکدا بە 54.7 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، بەمەش بووە گرانترین بەرهەمی هونەریی هونەرمەندێکی ژن کە تاوەکو ئێستا لە زیادکردنێکدا فرۆشرابێت.
 
تابلۆکە بەناوی (خەونەکە - پێخەف) ناسراوە، تێیدا فریدا لەسەر پێخەفێک و لەناو هەورەکاندا خەوتووە، لە سەرووی پێخەفەکەوە؛ ئێسکەپەیکەرێک دەردەکەوێت.
 
فرۆشتنی تابلۆکە لە خانەی سۆزبیس لە نیویۆرک، تەنیا ریکۆردی گرانترین بەرهەمی هونەرمەندێکی ژنی نەشکاند، بەڵکو ریکۆردی خودی فریداشی شکاند وەک گرانترین بەرهەمی هونەرمەندێکی ئەمریکای لاتین.
 
ئەم دەستکەوتە جیهانییە بووەتە مایەی شانازی بۆ دانیشتووانی ناوچەی کۆیۆکان لە مەکسیک کە زێدی هونەرمەندەکەیە. ماریا لویسا مارتینێز، دانیشتووی ناوچەکە دەڵێت: "فریدا زۆر گەورە بووە و ناوبانگی گەیشتووەتە ئاستێکی جیهانی. بۆ ئێمە فریدا سەرچاوەی شانازییە".
 
تابلۆکە یەکێکە لەو بەرهەمە کەمانەی فریدا کالۆ کە لە دەرەوەی مەکسیک لە دەستی کەسانی تایبەتدایە؛ چونکە بەپێی یاسای مەکسیک، بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە کە لە ناوخۆی وڵاتدان وەک "سامانی هونەریی" ناسێنراون و رێگە نادرێت بفرۆشرێن بۆ دەرەوە یان لەناوببرێن. تاوەکو ئێستاش ناسنامەی کڕیار و فرۆشیاری تابلۆکە ئاشکرا نەکراوە.
 
فریدا کالۆ بەوە ناسراوە کە بەشێوەیەکی زیندوو رووداوەکانی ژیانی کێشاوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە تەمەنی 18 ساڵیدا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو و بەهۆیەوە تووشی ئازارێکی زۆری بڕبڕەی پشت بوو، لە 1954 لە تەمەنی 47 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە