فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ بەڕێوەدەچێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
4 جار خوێنراوەتەوە
بە بەشداری 21 فیلمی کوردی چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا، 16یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ بەڕێوەدەچێت و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
فێستیڤاڵەکە لە 19ـی تشرینی دووەمی 2025 لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و تاوەکو 23ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
رەوەند جەواد، بەرپرسی میدیایی فێستیڤاڵەکە، رایگەیاند: "مژاری سەرەکیی فێستیڤاڵی ئەمساڵ بریتییە لە (وەبیرهێنانەوە، بەرخودان و دیدگایەک لە دڵەوە بۆ چوار پارچەی کوردستان). فێستیڤاڵەکە بە میوزیکی هونەرمەند دێرسم جەمیل دەستیپێکرد، دواتر فیلمی (The Virgin and Child) پێشاندرا کە باس لە ژیانی کچێکی کوردی ئێزدی دەکات".
بەپێی بەرنامەی فێستیڤاڵەکە، ئەمساڵ 21 فیلم پێشاندەدرێن، کە پێکدێن لە سێ فیلمی درێژ، 12 بەڵگەفیلم و شەش کورتەفیلم. رەوەند جەواد گوتیشی: "فیلمەکان لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەدەستمان گەیشتوون، هەروەها فیلمی دەرهێنەری کچە کورد کوردین ئەیوب لە ئەووروپاوە و چەند کورتە فیلمێکیش کە لەلایەن گەنجانی کوردەوە لە ئەڵمانیا بەرهەم هاتوون، پێشاندەدرێن".
لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی هەزار یۆرۆ بۆ باشترین فیلمی کوردی و خەڵاتی هەزار یۆرۆی بۆ باشترین بەڵگەفیلمی کوردی تەرخان کراوە.
لیژنەی دادوەرانی ئەمساڵی فێستیڤاڵ لەلایەن سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری ناسراوی کورد، لە باشووری کوردستانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کازم ئۆزدک، دەرهێنەری کورد و زوبەیدە بوڵوت، ئەکتەری کوردی ئێزدی لە باکووری کوردستانەوە تێیدا ئەندامن.
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ یەکێکە لەو چالاکییە هونەرییانەی کە ساڵانە لەلایەن رێکخراوی (کورد ئاڕت) و (موت تیاتەر)ـەوە ئەنجام دەدرێت و بووەتە سەکۆیەکی پێشاندانی فیلم بۆ فیلمسازانی کورد لە دیاسپۆرا.
لە چەندین وڵاتی دیکەی جیهانیش، فیلمسازان و رۆشنبیرانی کورد کار لەسەر رێکخستنی فێستیڤاڵ و دیداری سینەمایی دەکەن، کە دەرفەتێکە بۆ پێشاندانی بەرهەمی فیلمسازانی کورد و دروستکردنی پردێکی کولتووری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
|