دوای 30 ساڵ چاوەڕوانی گرووپی ئامەد بە کۆنسێرتێک گەڕایەوە شارەکە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  18 جار خوێنراوەتەوە

فرمێسک، خۆشی و هەستی 30 ساڵەی چاوەڕوانی، بۆ کۆنسێرتە مێژووییەکەی گرووپی ئامەد لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان یەکیانگرت. هەزاران کەس لە دوور و نزیکەوە خۆیان گەیاندە ئەو شارە بۆ ئەوەی بەشداری لەو شەوەدا بکەن کە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی بوون.
 
شیندا ئیلهان، یەکێک لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە بوو رایگەیاند: "من ئەمشەو لە سویدەوە هاتووم، لەبەر گرووپی ئامەد هاتوومەتە ئامەد. سبەینێش لەبەر جوان حاجۆ دەچمە دهۆک".
 
یەکێکی دیکە لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە کاغەزێکی بەدەستەوە گرتبوو و لەسەری نووسیبوو: "تەمەنم 26 ساڵە، 30 ساڵە چاوەڕێی ئەم شەوەم". لەمباریەوە روونیکردەوە: "بەر لەوەی خودا من بدات، من لە چاوەڕوانی ئەو شەودا بوومە".
 
زانا بە جلوبەرگی کوردییەوە لە کۆنسێرتەکە ئامادەبوو و وتی: "من تەمەنم 25 ساڵە. گرووپی ئامەد لە من بەتەمەنترە. بەم هەستانەوە گەورە بووم. گوێم لە گرووپی ئامەد گرتووە، بە بیر و بۆچوونەکانی ئەوان هاتوومەتە ئێرە". کاتێک رووداو لێی دەپرسێت کام گۆرانییەی گرووپەکەی زۆر بەدڵە، دەڵێت، (تو کولیلکا ئازادی) و گۆرانییەکە دەچڕێت.
 
جگە لە لە شارەکانی باکووری کوردستان، هاووڵاتیان لە ئەورووپا و شارەکانی دیکەوە هاتبوون بۆ کۆنسێرتەکە و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. لە نێو ئامادەبوواندا، ئاڵای کوردستان و وێنەی قازی محەممەد و سەلاحەدین دەمیرتاش دەبینرا.
 
گرووپی ئامەد لە کۆنسێرتەکەدا گۆرانیی (نەورۆز)ـی پێشکێشکرد، بەڵام نە لە کاتی خۆیدایە، نە بەهارە، نە مانگی ئادارە و نە نەورۆزە، بەڵام قەرەباڵخییەک بە رەنگی نەورۆزەوە بەدی دەکرا.
 
کۆنسێرتی گرووپەکە لە شاری ئامەد لە شەوی پاییزی 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، جۆش و خرۆشی خستبووە نێو ئامادەبووان.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە