هومایون شەجەریان چوار کۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی سازدەکات
16 کاتژمێر پێش ئێستا
84 جار خوێنراوەتەوە
هومایون شەجەریان، هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی، چوار کۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی سازدەکات، جگە لە گۆرانی فارسی، بە کوردیش گۆرانی دەڵێت.
هومایون شەجەریان لە 31 ئایار و 1ـی حوزەیرانی داهاتوو، دوو کۆنسێرت لە تەلاری هونەری سلێمانی سازدەکات. دوو کۆنسێرتەکەی دیکەی لە 6 و 7ـی حوزەیرانی 2025 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا دەبێت لە هەولێر. تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانە.
بلیتی دوو کۆنسێرتەکەی سلێمانی، لە کافێ باربێرا لە بەختیاری و جان کافێ لە عەقاری، هەولێر لە رێستۆرانتی تەیستی لە دریم ستی و ئەمازۆن لە گوڵان مۆڵ دەست دەکەون. هەروەها بەشێوەی ئۆنلاین بلیتی کۆنسێرتەکان لە (Tar Ticket.com) بەردەستە.
کۆنسێرتەکان، لە چوارچێوەی گەشتێکی هونەریی هومایون شەجەریانە لەسەر ئاستی جیهاندا، لەوانەش لە ئەمریکا و ئەورووپا.
کۆمپانیای تار پڕۆدەکشن لە ئەڵمانیا، کۆنسێرتەکان سازدەکات و لەو کۆمپانیایەوە بە رووداو راگەیێندراوە، چوار کۆنسێرتەکەی لە هەرێمی کوردستان سازدەکرێت، بە هەمان کوالیتی کۆنسێرتەکانی دیکەی هونەرمەند دەبێت لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا.
ئانوشیروان رووحانی، ئاوازدانەر و ژەنیاری ناسراوەی ئێرانی، ژەنیاریی سەرەکیی کۆنسێرتەکانی هومایون شەجەریانە، وەک ئاوازدانەر، ژەنیار و دابەشکردنی میوزیک کاری بۆ زیاتر لە 500 بەرهەم کردووە، ئاوازی بۆ بەشێک لە گۆرانییە سەرکەتووەکانی مەهستی و هایدە داناوە.
هومایون شەجەریان لە 22ـی ئابی 2022 دوو گۆرانیی کوردی بەناوەکانی "شیرینە سەوزە" و "مینا گیان"ـی بڵاوکردەوە کە ئارەش گۆران، میوزیسیانی ئێرانی کاری دابەشکردنی بۆ کردبوو.
پێشتر هومایون شەجەریان لەبارەی ئەو دوو بەرهەمە رایگەیاندبوو: "ئەو دوو گۆرانییە لە قوڵایی دڵمەوە و بەهەموو گیانمەوە پێشکێشی دەکەم بە هەموو هۆگرانی خۆشەویست؛ بەتایبەت خۆشەویستانی کورد زمانم لە ئێران و سەرانسەری ئەم جیهانە بەرینە".
هومایون شەجەریان کوڕی گەورە هونەرمەندی ئێران محەممەد رەزا شەجەریانە. ساڵی 1975 لە تاران لەدایکبووە. سەرەتای کاری هونەریی وەک ژەنیاری زەرب بوو لە کۆنسێرتەکانی باوکی، دواتر لە کۆنسێرتەکان و چەند ئەلبوومێکی باوکیدا بە گۆرانیی هاوکاریی دەکرد، لە 2003 یەکەمین ئەلبوومی خۆی بەناوی "نەسیم وەسل" بڵاوکردەوە و پێشوازییەکی زۆری لێکرا.
هومایون شەجەریان جگە لە ئاوازدانان، ژەنیاری کەمانچە و زەربە، ئاوازدانانی بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵ لەلای باوکی تەواوکردووە، لە 2018 بڕوانامەی دکتۆرای لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی ئێرانەوە بۆ ئاواز پێدراوە.
هومایون شەجەریان ئێستا یەکێکە لە بەنێوبانگترین هونەرمەندانی ئێرانییە و ناوبانگیی لە ئاستی جیهاندا هەیە، چەندین خەڵاتی نێوخۆیی و رێزلێنانی نێودەوڵەتیی پێبەخشراوە. کۆنسێرتەکانی پێشوازییەکی گەورەیان لێدەکرێت و کۆنسێرتێکی لە تاران ریکۆردی فرۆشتنی بلیتی لە ماوەیەکی کەمدا شکاند.
|