پەیامە توندەکانی ناو دیداری یەکێتی پێکهێنانی حکومەت دوادەخات؟
6 کاتژمێر پێش ئێستا
125 جار خوێنراوەتەوە
نهێنی پشت پەیامە توندەکانی ناو دیداری یەکێتیی چی یە؟
پەیامە توندەکانی ناو دیداری یەکێتی پێکهێنانی حکومەت دوادەخات؟
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی برای پەیامێکی توندیان دا بە گوێی پارتیدا کە پێچەوانەی پەیامەکانی چەند هەفتەی رابردوویان بووە ئەوەش گومان لەسەر ئەوە دروست دەکات کە رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ کێشەی بۆ دروست بووبێت.
یەکێتی نیشتیمانی لە سلێمانی بە بەشداری سەدان کادری پێشکەوتوو و سەرکردەکانی دووەمین دیداری حیزبەکەی بەڕێوەبرد.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی لە وتارێکدا رایگەیاند، ئەو هەڤاڵانەی ئێستا بێتاقەتن خوێنیان هەر سەوزە ،لەم هەڵبژاردنەی دێتەوە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی نەیارەكانمان بدەین بە ئەرزادا
وتیشی ئێمە لە چەكی داعش و سەدام و توركیا نەترساون ئێستا لە قسە ئەترسین.
ئەم وتانەی سەرۆکی یەکێتی پێچەوانەی ئەو پەیامە نەرمانەی بوو کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەرانبەر بە پارتی دەری بڕین و لە بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن پاشگەز بوویەوە.
بە تایبەت لە دۆسیەی هەژماری من، کە یەکێک بووە لە مەرجەکانی پارتی دیموکرات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کە لە سلێمانی جێىەجێ بکرێت لە بەرانبەریشدا ، یەکێک بوو لە بەڵێنەکانی سەرۆکی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە رێگە نەدات لە زۆنەکەی ئەو جێبەجێ بکرێت.
جیا لە بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی برای کە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی لە دەستدایە، هێرشی کردە سەر پارتی دیموکرات و جەختی لەوەکردەوە کە کۆتاییان بە تاکڕەوی لە کوردستان هێناوە.
دەستەواژەی تاکڕەوی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا یەکێتی بەرانبەر پارتی بەکاری دەهێنا، ئەوەش لە پاڵ دەستەواژەی کۆتایی پێ دەهێنن بوو.
قوباد تاڵەبانی وتی، بەڵێنی هەڵبژاردنمان بردەسەرو كۆتاییمان بە تاكڕەوی هێنا ئێستا هیچ حزبێك ناتوانێت (50+1) بهێنێت لەپەرلەمانی كوردستان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ٧رۆژ، رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ گەیشتوەتە کۆتایی و تەنیا راگەیاندنی ماوە.
بەرپرسێکی باڵای ئاگادار بە ٧رۆژی وت، ئێرانییەکان خواستی ئەوەیان نیە لەم نزیکانەدا کابینەی نوێی حکوومەت رابگەیەندرێت بۆیە فشاریان کردوو کە پێکهێنانی کابینەکە دوابخرێت، بۆیە گومان دەبرێت لێدوانە توندەکانی ئەمڕۆی کوڕانی تاڵەبانی بەهۆی تێکچوونی رێککەوتنەکەوە بووبێت.
ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە بەڵام بەهۆی رێک نەکەوتنی پارتی و یەکێتییەوە تا ئیستا کابینەکە رانەگەیەندراوەو هێشتا نەتوانراوە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت.
|