ژمارەی شەهیدەکانی غەززە گەیشتە 413 کەس، دۆزەخی ڕاستەقینەیە

6   کاتژمێر پێش ئێستا  118 جار خوێنراوەتەوە

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی هێرشی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژران، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، گەیشتە 413 کەس کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن. 
 
ئیسرائیل بەرەبەیانیی (سێشەممە، 18-3-2025) کۆتایی بە ئاگربەست هێنا و هێرشی بەرفراوانی کردە سەر ناوچە فەلەستینییە ئابڵۆقەدراوەکە. 
 
بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی چوار بەرپرسی حکومیی خۆی راگەیاند کە یەکێکیان سەرۆکوەزیران بوو.
 
هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان پاشەکشەیێکی گەورەن بۆ ئاگربەستەکە کە لە 19ـی کانوونی دووەم، دوای 15 مانگ لە سەرهەڵدانی شەڕ، دەست بە جێبەجێکردنی کرابوو.
 
بەرەبەیانیی ڕۆژی سێ شەممە ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند "بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی حکومەت" هێزەکان "هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر ئامانجە تیرۆریستییەکانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس لە سەرتاسەری کەرتی غەززە" دەستپێکردووە.
 
وەزارەتی تەندروستیی بزووتنەوەی کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستان گەیشتە 413 کەس.
 
محەممەد زەقووت، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکانی وەزارەتەکە رایگەیاند، زۆرینەی قوربانییەکان "منداڵ و ژن" بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، "سەدان کەس بریندار بوون، لەنێویاندا دەیان کەس لە دۆخێکی سەختدان، لە ئەنجامی دەستدرێژیی ئیسرائیل و زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی توندووتیژ و خوێناوی" بۆ سەر کەرتە وێرانکراوەکە.
 
حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند ئەو هەڵمەتانە بە فەرمانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کراون، دوای ئەوەی "حەماس چەندین جار ئازادکردنی بارمتەکانمانی رەتکردەوە و هەموو ئەو پێشنیازانەی لە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا و نێوەندگیرییەکانەوە دەخرانەڕوو، رەتیدەکردنەوە."
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ئێستاوە ئیسرائیل بەهێزێکی سەربازیی زیاترەوە لە دژی حەماس دەجووڵێتەوە."
 
کاتز هۆشدارییی دا لەوەی تاوەکو بارمتەکان نەگەڕێنرێنەوە سەر ماڵەکانیان و "هەموو ئامانجەکانی جەنگمان بەدی نەهێنرێن، ئیسرائیل لە شەڕکردن ناوەستێت."
 
7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، حەماس و هاوپەیمانەکانی 251 کەسیان رفاندن، کە ئێستا 58 کەسیان لە غەززە ماون و ئیسرائیلیش دەڵێت 34 لەوانە مردوون.
 
ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ حەماس لە ساڵی 2023ـەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە یەکێک لە ئامانجەکانی گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان و، "لەنێوبردنی" بزووتنەوەکەیە.
 
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، بزووتنەوەکەیان لەگەڵ نێوەندگرانی رێککەوتنی ئاگربەستەکە واتە لەگەڵ ئەمریکا، قەتەر و میسر کاردەکات، بۆ ئەوەی "دووژمنکاریی داگیرکاران کۆنترۆڵ بکەن." 
 
روونیشیکردەوە، "حەماس و هێزەکانی بەرخودان لە دانیشتنی بەردەوامدان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و کارکردن لەگەڵ ناوبژیوانان بۆ سنووردارکردنی دەستدرێژییەکە"، جەختیشیکردەوە، بزووتنەوەکە "پابەند بووە بە رێککەوتنی ئاگربەست و بە وردی جێبەجێی کردووە، بەڵام داگیرکاریی ئیسرائیلی رەتیکردەوە لە جێبەجێکردنی و بە دەستپێکردنەوەی دوژمنکاری و شەڕ، لە رێککەوتنەکە هەڵگەڕایەوە".
 
"دۆزەخی راستەقینە"
 
جیهان نەحالی تەمەن 43 ساڵان کە لە گەڕەکی نەسر لە باکووری رۆژئاوای شاری غەززە دەژیت، وتی "خەریکی ئامادەکردنی پاشیڤ بووم بۆ منداڵان و گوێم لە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بوو کە بەسەر غەززەدا دەفڕین، لەناکاو تەقینەوەیەکی گەورە روویدا، وەک ئەوەی یەکەم رۆژی شەڕەکە بێت و لە هەموو شوێنێک قیژە و هاوار و ئاگر بەرزبووەوە؛ زۆرینەیان منداڵ بوون."
 
ئاماژەی بەوەشکرد "لەنێو کەسوکارمدا شەهید و بریندارمان هەیە، بەرگریی شارستانیش نییە یارمەتیمان بدات، بۆردوومانەکەش بەردەوامە. جەنگی جینۆسایدی راستەقینەیە. لە هەموو شوێنێک بۆردوومان هەیە. ئەمڕۆ هەستم کرد غەززە دۆزەخێکی راستەقینەیە." 
 
لەبەرامبەردا، رەمز عەمارینی 25 ساڵان، کە لە چادرێکدا لە ناوچەی زەیتوون لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری غەززە دەژیت و دەڵێ "بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپبارانی تانکەکان لە هەموو شوێنێکە. دووبارە ئاگری دۆزەخیان بەسەر غەززەدا هەڵگیرساند."
 
مەحموود بەسەڵ، وتەبێژی بەرگریی شارستانی دووپاتی کردەوە کە سوپا بە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران "چادری ئاوارە و کەمپی ئاوارەکان و ماڵی خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج، هەروەها بنکە و بارەگەی پۆلیس و حکومەتی کردە ئامانج." 
 
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئیسرائیل سەرکردایەتی و ژێرخانی حەماسی کردووەتە ئامانج.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە