عێراق بە نیازە نرخی فەرمی دۆلار بەرانبەر بە دینار بەرز بکاتەوە؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
ئایا 100 دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی عێراق دەبێتە 160 هەزار دینار؟
هەر بەراست عێراق بە نیازە نرخی فەرمی دۆلار بەرانبەر بە دینار بەرز بکاتەوە؟
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، هەندێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان و شیکەرەوە ئابوورییەکانی عیراق باسیان لەوە دەکرد "بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦، حکومەت دوو بژاردەی لەبەردەمدایە.. یان کەمکردنەوەی خەرجییەکان، یان بەرزکردنەوەی نرخی فەرمی دۆلار بۆ نزیکەی ١٦٠٠ یان ١٦٥٠ دینار".
ئەم لێدوانانە بەخێرایی لە میدیا و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گەورە کران و وەک "بڕیاری فەرمی" نیشان دران.
هۆکارە سەرەکییەکانی پشت ئەم قسانە لە چییەوە هاتن و چی بوون؟
یەکەم .. عێراق لە ئێستادا واتە لەمساڵی ٢٠٢٦ دا ڕووبەڕووی کورتھێنانی دارایی بووەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی خەرجییە بەکاربەرەکان بەتایبەت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆیە حکومەت پێویستی بە دیناری زیاترە بۆ داپۆشینی ئەم خەرجیانە.
دووەم هۆکار.. بەهۆی بەربەستەکانی هەناردەکردنی، داهاتی نەوتی عێراق لەژێر گوشاردایە، کاتێک حکومەت دۆلاری نەوت بە نرخێکی بەرزتر بۆ نموونە ١٦٥٠دینار بە بانکی ناوەندی بفرۆشێتەوە، دینارێکی زۆرتری دەستدەکەوێت بۆ دابەشکردنی مووچە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە قەرزکردن بێت.
هەروەها سێیەم هۆکار.. جیاوازی نێوان نرخی فەرمی دۆلاری بانکی ناوەندی ١٣٢٠ دینارە و نرخی بازاڕی ڕەش کە زۆرجار لە سەرووی ١٥٠٠ یان ١٥٥٠ دەمێنێتەوە، وایکردووە هەندێک پێشنیازی ئەوە بکەن کە نرخی فەرمی لە نرخی بازاڕ نزیک بکرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخی دۆلار.
هەڵوێستی فەرمی حکومەت و دەسەڵاتداران چین وە بۆچی بڕیاری بەرزکردنەوەی دۆلاری بانکی ناوەندی جێبەجێ نەکراوە؟
سەرەڕای ئەم گوشارانەی کە باسمان کرد، حکومەت و بانکی ناوەندی نەیاری ئەم هەنگاوەن ئەوەش لەبەر ئەم هۆکارانە:
ترس لە هەڵاوسان و توڕەیی شەقام.. واتە بەرزکردنەوەی دۆلار بۆ ١٦٥٠ دینار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە یەکسەر دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵا و خۆراک لە بازاڕدا.
ئەمەش باری گوزەرانی هاووڵاتیان قورس دەکات و مەترسی خۆپیشاندان و ناسەقامگیری سیاسی لێدەکەوێتەوە.
هەروەها بانکی ناوەندی پێی وایە کێشەکە لە ڕێژەی دۆلار نییە، بەڵکو لە چاکسازی سیستمی بانکی و کۆنتڕۆڵکردنی حەواڵەدایەو گۆڕینی نرخەکە متمانە بە دراوی نیشتمانی لاوازتر دەکات.
بۆیە بە کورتی ژمارەی ١٦٥٠ دینار بۆ نرخی دۆلار لە بانکی ناوەندی تا ئێستا تەنها پێشنیازێکی تیۆری و شیکاریی ئابوورییە بۆ چارەسەری کێشەی نەختینەیی حکومەت.. نەک بڕیارێکی سیاسی یان یاسایی.
بەڵام دواجار ئەمە عێراقەو لەناکاو شتەکان دەکرێن و هەموو ڕووداوەکان لە پڕ ڕوودەدەن.
|