بۆچی بە گەرما تاقەتمان نامێنێت و میزاجمان تێک دەچێت؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
ئەگەر تا ئێستا نەتزانیووە بۆ بە گەرما هەست بە ماندووبوون و بێتاقەتی دەکەی و کتوپڕ، میزاجت تێک دەچێت و زوو تووڕە دەبی، ئەوا زانست هۆکارەکەی بۆ زۆر کارکردنی مێشک دەگەڕێنێتەوە.
ناتالـلی ماکێنزی، پسپۆڕی چارەسەری دەروونی و مێشک بە ماڵپەڕی ئیندیپێندێنتی ڕاگەیاندووە، مێشک وەک ڕێکخەری پلەی گەرمیی جەستە کار دەکات.
کاتێک پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە، مێشک زۆربەی وزە و خوێنی جەستە بەرەو پێست ڕەوانە دەکات تاوەکو لە ڕێگەی ئارەقەکردنەوە جەستە سارد بکاتەوە. ئەمەش وادەکات خوێن و ئۆکسجینی پێویست بۆ مێشک نەمێنێتەوە.
یەکەم شت کە لەم کاتەدا تێک دەچێت، توانای سەرنجدان و کۆنترۆڵکردنی هەستەکانە. بۆیە لە کاتی گەرمادا خەڵک زیاتر تووڕە و بێتاقەت دەبن و ناتوانن بە ئاسانی بڕیاری دروست بدەن. گەرما هەستی "مانەوە" لە مێشکدا چالاک دەکات، ئەمەش وادەکات مرۆڤ زیاتر هەستیار بێت بۆ هەر قسە و ڕووداوێکی بچووک.
جگە لەمانە، گەرما ڕێگری لە خەوی قووڵ دەکات. کاتێک شەو بەهۆی گەرماوە ناتوانیت بخەویت، مێشک ناتوانێت خۆی لە پاشماوە زیانبەخشەکان پاک بکاتەوە، ئەمەش وادەکات ڕۆژی دواتر بە میزاجێکی زۆر خراپەوە لە خەو هەڵبستیت.
ماکێنزی پێشنیاز دەکات بۆ پاراستنی میزاجت، ئاوی زۆر بخۆیتەوە و کارە قورسەکان شەوان درەنگ یان بەیانییان زوو بە فێنکی ئەنجام بدەی.
ئەو پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە شووشتنی دەست و مل بە ئاوی سارد، نەک تەنیا جەستە، بەڵکوو مێشکیش ئارام دەکاتەوە و دۆخی دەروونیی مرۆڤ ئاسایی دەکاتەوە.
|